کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شارەکانی سەقز و سنە بەخرۆشەوە پیشوازی لە ڕێفراندۆم دەکەن

20:42 - 3 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی بێ‌وێنە لە شەقامەکانی کوردستان بە جل‌وبەرگی کوردیەوە دەسووڕێنەوە و پیرۆزبایی جێژنی سەرکەوتن لە یەکتر دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لاوانی بەهەست و نیشتمان پەروەری کوردستان لە شارەکانی سەقز و سنە سەرقاڵی بڵاوکردنەوە نوقڵ و شیرینی لە نێو خەلکدان و پیرۆزبایی جێژنی سەربەخۆیی کوردستان لە یەکتر دەکەن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەمبارەوە لە شاری سەقز ڕایگەیاندووە؛ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کە ماوەی ٢-٣ ڕۆژە لە مۆڵگە پر لەشوورەییەکانیان مۆڵ درابوون ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و وێڕای چاوەدێری کردنی بارودۆخەکە هەوڵی ئازاردانی خەڵک دەدەن.

بەپێی ئەم هەواڵە تەکووزی هێزە لیباس شەخسی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز لە گۆڕەپانی هەڵۆوەیە تاکوو دەگاتە بەرگاراج.

بەپێی دوایین هەواڵەکان چەند ساتێک پێش ئێستا چەکدارانی سەر بە ڕێژیم لە کۆڵانی قازاخانەی شاری سەقز چەند کەسێکیان بە هۆی ئەوەی جلی کوردیان لەبەر کردبوو دەستبەسەر کرد.

هەروەها لە شاری سنە ڕێژیمی داگیرکەر کۆمەڵێکی بەرچاو لە هێزە دژی‌گەلییەکانیان خزاندۆتە نێو شەقامە سەرەکییەکان و گۆڕەپانەکانی شار و هەوڵ بۆ کۆنترۆڵی خەڵک دەدەن بەڵام خەڵکی بەورە و ئیمانی کوردستان بێ‌گوێدان بەم هەڕەشە و گوڕەشانە سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی جێژنێکی گەورەن.