کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ڕەزا دقەتی\" پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان کرد

16:34 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕەزا دقەتی وێنەگری نێودەوڵەتیی لە بارەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هەڵویستی ئەرێنی نواند و بە سەرکەوتووانەی وەسفی کرد.

وێنەگری بەناوبانگی ئێران و یەکێک لە وێنەگرانی نێودەوڵەتیی بە ناوی ڕەزا دقەتی کە خۆی یەکێک لە چاودێرانی بێ‌لایەن لەسەر سندووقەکانی دەنگدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بووە، پشتیوانیی خۆی لە سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی.

ئەو وێنەگرە باسی لەوە کردووە، کە لە ماوەی تەمەنیدا لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتی دنیا کاری چاودێری لەسەر پرۆسەی دەنگدان کردووە.

دقەتی لە بارەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان زۆر خاوێن و بێ‌فێڵ بەڕێوە چوو و ئەوەی کە دەڵێن فرت و فێڵی تێدا کراوە، تەنیا دووپات کردنەوەی قسەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە پێشمەرگەی کوردستان شەڕی داعشی کرد و پێشی بەو گرووپە تێرۆریستییە گرت و ئێستاش مافی خۆیانە داوای سەربەخۆیی بکەن و ئەوان تەنیا بۆ خاکی خۆیان خەبات دەکەن.

دەقەتی هەروەها باسی لەوە کردووە، کە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان لە کوردستان بە ئەمنی و ئارامی لە تەنیشت یەکتر دەژین و ئەوەش خاڵێکی بەهێز و بەنرخە.

ڕەزا دقەتی ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە تەورێز لەدایک بووە و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا وێنەگریی بە شێوەی خۆڕسک فێر بووە و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە ناچاری وڵاتی بەجێ هێشت و ناوبراو یەکێک لە وێنەگرانی بەناوبانگی جیهانە.