کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری سەقز بە ئاڵای کوردستان نەخشێندرا

13:53 - 6 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ جێژن و خۆشی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز، ئەم شارەیان بە ئاڵای کوردستان ڕازاندەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شاری سەقز سەرەڕای زاڵ بوونی کەشی پۆلیسی و خەفەقان بەسەر ئەم شارەدا کە هاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان بەشێوەی ڕانەگەیندراو حکومەت نیزامی تیدا بەڕێوە دەچێ، کۆمەڵیکی بەرچاو ئاڵای کوردستانیان لەنێو ماڵ و دوکانەکان بڵاو کردۆتەوە.

ئەو شوێنانەی ئەم چالاکییەی تێدا بەڕێوەچووە بریتین لە کانی گەرمکاو، بلواری تەربیەت و سێ‌ڕێیانی بەردبڕان.

هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات شەوی ٤ لەسەر ٥ی ڕەزبەر لە سەر پێچی کانی‌گەرمکاو دیوارێکیان بە ئاڵای سێ‌ڕەنگی کوردستان نەخشاندووە.

هەر هەمان شەو ئەڤیندارانی نیشتمان ئاڵایەکی ١٢ میتری کوردستانیان لە مەیدانی هەڵۆی سەقز هەڵکرد کە لەکاتی هەڵکردنی ئاڵاکە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیم پەلاماری لاوانی دەروەستیان دا و لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێک کە ڕوویدا مەئمورێکی ڕێژیم بە سەختی بریندار کرا و هەنووکە لە نەخۆشخانەدا خەوێندراوە.

پاش بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی شایی و خۆشی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ڕێژیمی دۆشداماو دەستی بە ڕەشبگیری کردووە و کەشێکی تەواو پۆلیسی بەسەر شارەکانی کوردستاندا زاڵ کردووە، بەچەشنێک کە لە زۆربەی ئەم شارانەدا هەست بە بوونی حکومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراو دەکرێت.