کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازاری جنسی ژنان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بە شێوەیەکی بەرنامە داڕێژڕاوەوە

15:37 - 8 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ئازار دانی ژنە ڕۆژنامەوانێک لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی پاسداری تێرۆریست موحسێن حەججی دەنگدانەوەی لێ کەوتەوە.

ویدا ڕەبانی ژنە ڕۆژنامەوانی ئێرانی لە تویتەکەیدا نووسی: لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی پاسداری تێرۆریست موحسێن حەججی لە تاران ئازاری جنسی دراوە.

ئەو کردەوە ناشیرینە لە ڕێورەسمی بە خاک ئەسپاردنی گەورە تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران هاشمی رەفسەنجانیش ئەنجام درابوو، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ویستیان سەرپۆشی بۆ دانێن و بە لاڕێی ببەن.

لەو دوایانەدا لە بۆنە و کۆبوونەوەکانی ئێران کە ژنان لەوانەدا بەشدار دەبن، سپای پاسداران و بەسیجییەکانی سەر بەو ناوەندە و ئیدارەی ئیتلاعات دەستیان داوەتە ئازار دانی جنسی ژنان و لە هیچ کردەوەیەک بۆ ئازار دانی ژنان خۆیان نەبواردووە.

ئازار دانی جنسی، دەستدرێژی سکسی و بازرگانیی بە ژنان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بووەتە دیاردەیەکی هەمیشەیی لە ئێراندا، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەر کردنی هەڵنەگرتووە، هەر بۆیەش هەر جارێ پاسدارێک تووشی دەستدرێژی دەبێتەوە، بەڵام چاوپۆشی لێ دەکرێت.

ئەو کردەوانەی سپای تێرۆریستی پاسداران بە شێوەیەکی سیستماتیک و بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە کۆر و کۆبوونەوەکاندا دەکرێت.

ئەنجام دانی وەها کردەوەگەلێک، وەرگیراوی بیرۆکەی چەوتی کۆنەپەرستانەیە کە دەڵێن: ژنان بۆ نێو ماڵ و پیاوان بۆ درەوە ساز کراون و بەشدار نەکردنیان لە بەرەو پێشچوونی کاروباری وڵات لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڵگری هەمان بیرۆکەیە.

ئەوە یەکەم جار نییە کە بەرپرسانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات کاری لەو شێوە دەکەن، ئەوان بە درێژایی تەمەنی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی وەلایەتی فەقیهــ ئەو کارانەیان لە زیندانەکان و قوتابخانە ئایینییەکان بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان کردووە، ئێستاش بۆ کەمڕەنگ کردنەوەی بەشداریی ژنان لە کۆبوونەوە گشتییەکانی کۆمەڵگا لە ئازاری جنسیـی کەڵک وەر دەگرن.