کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتی لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەی ئەفغانییەکان و گەشەی فاشیزمی ئێرانیی

20:12 - 8 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پەرەسەندنی بیری فاشیستیی و ڕەگەزپەرەستانە لە بەشێک لە کۆمەڵگای ئێراندا، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا شێوازێکی تازەی فیکری بەخۆوە گرتووە کە ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی باس لە دروست بوونی ڕاسیسمێکی جێگیرکراو لە ئێراندا دەکەن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، خەڵکی شاری شاهدیە سەر بە پارێزگای یەزد لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەر هاوکات لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەی جیهاد کە تایبەت کراوە بە منداڵانی ئەفغانی و نەیانهێشتووە ئەم قوتابخانە بکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی شایەتحاڵەکان و فیلمە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵکی ئەم شارە بە ماشینەکانیان بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو منداڵانی کۆبووەوە لە بەردەم قوتابخانەکاندا هێرشیان بردووە و بە هۆڕن لێدان و جنێودانی بەردەوام، منداڵ و دایک و باوکەکانیان ترساندووە و ناچاریان کردوون کە هەڵبێن و شوێنەکە بەجێ بهێڵن.

عەبدولحەمید سابری، یەکێک لە بەڕێوبەرانی پەروەردە و بارهێنانی یەزد، لە بارەی هۆکاری دژایەتی خەڵکی یەزد بەرانبەر بە قوتابخانەی تایبەت بە ئەفغانییەکان وتوویەتی: ئەم خەڵکە بە هۆی هەڵسوکەوتی نابەجێی ئەم منداڵە ئەفغانییانە کە دەکرێت منداڵانی خۆشمان ئەم هەڵسوکەوتانەیان هەبێت ئەم کارەیان ئەنجام داوە و وتوویانە هەبوونی قوتابخانەی تایبەت بە ئەفغانییەکان ئەبێتە هۆی ئەوەی ئەفغانییەکان لە گەڕەکەکانی دیکەوە بێن و هۆکاری کۆبوونەوەی زیاتری ئەفغانییەکان لەم شوێنەی لێ بکەوێتەوە.

فاتمە، خۆشکی یەکێك لە قوتابیانی ئەفغانی لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ یەکێک لە کەناڵەکان، هۆکاری دژایەتی خەڵکی یەزد، لەگەڵ کرانەوەی ئەم قوتابخانەی بەم شێوە باس کرد: خەڵک بە ڕوونی وتوویانە ئەفغانییەکان پیسن و بەدفەڕی دەکەن. فاتمە لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: هەموو ڕیش‌سپییەکانی ئەم شارە کۆ بوونەتەوە و بڕیاریان داوە، کە ڕێگری لە کرانەوەی ئەم قوتابخانەیە بکەن. نابراو گلەیی لە سووکایەتی کردنی بەردەوامی خەڵكی ئەم شارە بە ئەفغانییەکان دەکات و خوازیاری کۆتایی هاتنی ئەم هەڵسوکەوتە ڕەگەزپەرستانانەی بە دژی ئەفغانییەکانە.

پەرەسەندنی بیری ڕەگەزپەرستی و بێڕێزی کردن بە نەتەوەکانی‌تر کە ڕیشەکەی لە شێوازی بیر کردنەوە و باوەڕێکە کە ئێرانییەکان هەیانە و پێیان وایە ڕەچەڵەکی ئێرانییەکان لە هەموو ڕەچەڵەکەکان سەرترە.

فێردوسی کە یەکێکە لە شاعێرە دیارەکان ئێرانە، هەزار ساڵ پێش لە هەندێک لە هۆنراوەکانیدا ئەو ڕق و نەفرەتەی کە بەرانبەر بە نەتەوەکانی دیکە هەیەتی دەری دەخات و ڕەچەڵەکی ئێرانیی بە بەرزتر و پاکتر لە قەڵەم دەدات و دەبێتە هۆی فورم گرتنی ڕاسیسم لە سەدەی بیستەم لە ئێراندا.

کارێك لە کۆتاییەکانی سەردەمی قاجاردا دووبارە دەستی پێ کردووتەوە و لە سەردەمی رەزاخانی میرپێنج بناغە زانستی و تیئۆرییەکانی دانراوە و لە ساڵەکانی دواتر هەتاکوو ئێستا لە لایەن حكوومەت و دەوڵەتە جیاوازەکانی ئێرانەوە فراوانتر کراوە.

فێردەوسی لە چەند کۆپلەیەکی شێعریدا بەم چەشنە بێڕێزی بە عەرەب دەکات و دەڵێت:
ز شیر شتر خوردن و سوسمار عرب را به جایی رسیدە است کار
که فر کیانی کند آرزو تف بر تو ای چرخ گردون تف