کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوە ئۆپۆزسیۆنی فارس لە سەر سەربەخۆیی کوردستان

20:24 - 8 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان وڵاتە فاشیستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نیگەران کردووە و بە هەموو شێوەیەک دژایەتی ئیرادەی نەتەوەی کورد دەکەن.

لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان هەتا ئەمڕۆ، زۆر هەواڵ دەبیسترێت لە سەر دژکردەوەی وڵاتانی دراوسێی کوردستان و هەڕەشەی زۆریان کردووە و تەنانەت گەمارۆیان خستووەتە سەر کوردستان.

هەر لەو پێوەندییەدا چەند لایەنێکی بەناو ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی تاران بە دەر کردنی ڕاگەیەندراو لە سەر سەربەخۆیی کوردستان و گشتپرسی لە باشوور بیری فاشیستیی خۆیان ئاشکرا کردووە، کە بیرۆکەی زۆر کەس لە ئێرانییەکانی لە سەر گۆڕینی جوغرافیای سیاسی ناوچەکە بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکات.

لەمێژە بیروکەی کورد و گرنگیدانی ئەم نەتەوەیە بە دێموکراسی و بزووتنەوە دێموکراتیکییەکانی بووەتە هۆی نیگەرانی ڕێژیمە فاشیست و داگیرکەرەکانی ئێران و ئێستاش کە لە باشووری کوردستان ئەم کەتوارە هاتووەتە ئاراوە داگیرکەر ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتی ناڕەوای زۆرتری لێ نیشتووە.

لە ئێرانیشدا ڕێژیم سەربەخۆیی باشووری کوردستان بە مەترسییەکی گەورە لە سەر دەسەڵاتی خۆی دەزانێ و بە هەموو شێوەیەک بۆ سەر نەگرتنی ئیرادەی نەتەوەی کورد هەوڵ دەدات.

ئەم هەوڵە فاشیستییانە کە لە لایەن ڕێژیمەکانەوە ئەنجام دەدرێت ئاساییە، چوونکە بناغەی ئەم ڕێژێمانە بەپێی سیاسەتی داگیرکەرانە و فاشیستییانە دانراوە.

بەڵام لێرەدا کێشە ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنی فارسیش هاوشێوەی ڕێژیم لەگەڵ ئەم مافە سەرەکییەی نەتەوی کورد دێتە دەنگ، لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی ئیسلامیی وەکوو دوژمنی مرۆڤایەتی لەگەڵ هەموو نەتەوە و بیرۆکەی دێموکراتیکی کێشەی هەیە.

لە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی فارس بە شێوەیەک باس لە کوردستان دەکرێ، کە لە ئەدەبیاتی میدیای ڕێژیم ئیسلامیی ڕەچاو دەکرێت و بە شێوەیەکی زۆر فاشیستییانە لە سەر کوردستان بیر دەکەنەوە.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا بڕیاری لە سەر ئەوە نەداوە کە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، بەڵکوو باس لەوە دەکات کە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک دەیهەوێ چارەنووسی نەتەوەی خۆی دیاری بکات و زۆر ئاساییە کە بڕیاریش لەسەر سەربەخۆیی نەتەوەی خۆی بدات.

لە بەر ئەوەی کە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، مافی هەموو نەتەوەکان تەنانەت فارسیشی پێشل کردووە و لە جیاتی ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی فارس هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەوڵ بۆ دیاری کردنی چارەنووسیان بدەن و داهاتووی ئێران لەبەر چاو بگرن و بە شێوە دێموکراتیک هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام نەتەوەی فارس خۆی لە بەرامبەر ئەم ئیرادە نەتەوەییە دادەنێت و مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە دژی خۆی دەزانێت، ئەمە لە حاڵێک دایە کە فارسیش بەشێکە لە ئێران و دەبێ هەوڵ بدات بە ئیرادەی دێموکراتیکی نەتەوەکانی ئێران بۆ پێک هێنانی داهاتووییەکی گەش پەیوەست ببن.

بەڵام هەتاکوو ئێستە ئۆپۆزسیۆنی فارس هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ گەیشتن بە ڕەوتی دێموکراتیک لە ئێران بە پێچەوانەش دەستی کردووە بە ژاراوی کردنی بیرۆکەی خەڵکی ئێران بەتایبەت نەتەوەی فارس و بە شێوەیەک باس لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکات، کە هەمووی دژ بە فارسن و جیا کردنەوەی دیسکورسیان لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی زۆر ئەستەمە.