کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهو مەرجی تازەی بۆ حەماس و فەتح دانا

15:20 - 13 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل ڕوو لە حەماس و فەتح وتی بۆ سازان پێکەوە پشت لە ئێران کەن و دان بە وڵاتی ئیسراییل‌دا بنێن.

رۆژی دووشەممە ١٠ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی وەفدێک لە ڕێکخستینی خۆ بەڕێوەبەری فلستین سەردانی غەزەیان کرد و تێیدا ڕامی حەمدوڵا وەزیری ئەم خۆبەڕێوەبەرییە بە گەورەبەرپرسانی فەتح و حەماسی وت: تەنیا ڕێگای ئێمە بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی یەک پارچەی فلستینی، تەبایی و پێکەوە بوونە.

چاوەڕوانییەکان لەو سەردانەی فەتح بۆ غەزە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی حەماس ئەوەیە کە کۆتایی بە دووژمنایەتی ١٠ ساڵە و جیاوازی نێوان حەماس و فەتح بهێنرێت.

نێتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل دوای سەردانەکەی فەتح بۆ غەزە رایگەیاند کە هەرکەس بیهەوێ قسە لە ئاشتی بکا دەبێ پێش لە هەموو شتێک دان بە بوونی ئیسراییل وەک وڵاتێکی یەهوودی دابێنێ.

وتوویشیەتی: ئێمە روانگەیەکی روونمان هەیە ئەویش ئەوەیە کە لقی سەربازی حەماس هەڵوەشێتەوە و حەماس پشت لە ئێران بکات و چیدیکە یارمەتی لە ئێران وەرنەگرێت.

دوای لێدوانەکانی نێتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل، مەحموود عەباس سەرۆکی ڕێکخستینی خۆبەڕێوەبەری فلستین وێڕای تەئیدی قسەکانی نێتانیاهو ڕایگەیاند: حەماس دەبێ چەک دابنێ.

وتیشی: ئێمە یەک وڵاتین و دەبێ یەک حکومەت، یەک یاسا و یەک هێزی نیزامیمان هەبێ.

حەماس و فەتح بە دەیان ساڵە گرژی لە نێوانیان ساز بووە.

فەتح و زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری گرژی نێوانیان دەزانن.

تا ئێستا چەندین جار ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری فلستین هەوڵی داوە دۆخەکە ئارام بکاتەوە بەڵام ڕێژیمی ئێران پەرەی بە ئاڵۆزییەکانی فلستین داوە و نەیهێشتووە ئەو وڵاتە سەقامگرتوو ببێت.