کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری وەفدی باڵای حیزب لە ڕێوڕەسمی بەخاک‌سپاردنی مام جەلال

16:25 - 15 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی بەخاک‌سپاردنی مام جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری پیشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەرێز کاک مستەفا هیجری، بەشداری لە مەراسمی بەخاک سپاردنی بەڕێز، مام جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان و سەرکۆماریی پێشووی عێراق کرد.

ڕێورەسمەکە بە بەشداری ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هەیئەتی رەسمی وڵاتان و هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد و باقی نەتەوەکانی تر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستی پێ کرد و بەدانانی تاجە گوڵینە لە سەر تەرمی مام جەلال دەستی پێکرد.

دوای نیوەرۆ بۆ جاری دووهەم هەیئەتی حیزب بە سەرپەرەستی بەرێز مستەفا هیجری، لە دەباشان، شوێنی بەخاک سپاردنی سەرکۆماری پیشووی عێراق، بەشداری لە بەخاکسپاردنی تەرمی مام جەلال دا کرد.

هەر لەو رێوڕەسمەدا هەیئەتی حیزب چاوی بە ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزو لایەنە کوردستانییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان کەوت و هاوخەمی حیزبی دێموکراتیان بە ڕێبەرایەتیی یەکیەتیی نیشمانی و بنەماڵەی تاڵەبانی ڕاگەیاند.

پێویست بە ئاماژەیە پاش کۆچی دوایی مام جەلال، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هەرەوەها بەڕێز مستەفا هیجری پەیامێکی سەرەخۆشی ڕوو لە بنەماڵەی مام جەلال و یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان نارد.