کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن روحانی: درێژە بە بەرنامە موشەکییەکانمان دەدەین

15:28 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دوای ئەویکە دانڵد ترامپ رایگەیاند کە سپای پاسداران گەورەتەرین پاڵپشتی تێرورە لە جیهاندا، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دژکردەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە درێژە بە چالاکیە مووشەکییەکان دەدەن.

دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا، شەوی ڕابردوو رێکەوتی ٢١ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە پرێس کونفرانسێکدا، لە سەر رێککەوتننامەی ناوکی رایگەیاند کە دەبێ پێداچوونەوە بە سەر ڕێککەوتننامەکە بکرێت و ئاڵۆگۆڕی بەسەردا بهێندرێت.

هەروەها لە سەر کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرانسەری جیهان قسەی کرد و ڕێژیمی ئێرانی بە ئاژاوەگێڕ ناو برد و گرووپی تێرۆریستی سپای سەرکۆنە کرد وەکوو پاڵپشتی گرووپە تێروریستیەکان لە جیهاندا.

لە بەرامبەر وتەکانی ترامپ، ڕوحانی دژکردەوەی نیشاندا و قسەکانی ترامپی بە نادروست و درۆ لە قەلەمدا؛ ڕوحانی وێڕای پشتگیری کردنی دووبارە لە سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند کە ڕێژیم بەرنامە مووشەکییەکانی ڕاناگرێ و بە هێزتریشیان دەکات.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارلمانی ئامریکا ، یاسای زۆرترکردنی گەمارۆکان لە سەر بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی پەسەند کردووە.

هەروەها ترامپ ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ستراتژییەکی نوێی گرتووتە بەر بۆ ئەویکە، بەرنامە ناوکییەکانی ئێران بە تەواوەتی رابگرێ و پێش بە کردەوە دژە مرۆڤەکانی ئێران لە ئاستی جیهاندا بگرێت.

ئەم دژکردەوانەی ڕوحانی لە کاتێکدان کە سپای تێرۆریستی پاسداران لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، بە هۆکاری پاڵپشتی کردنی تێرۆر، خرایە لیستەی گەمارۆکان و بڕیار وایە کە توندتر لە جاران لە بەرامبەر چالاکیە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران و بەرنامە مووشەکییەکانی، گەمارۆ و دژکردەوەیان هەبێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، حەسەن رۆحانی وتەکانی ترامپی دژ بە خەڵکی ئێران زانی و باسی لە دوژمنایەتی ئامریکا لەگەڵ خەڵکی ئێران کرد، لە حاڵیکدا کە سەرکۆماری ئامریکا، ڕووی قسەکانی لە گەڵ ڕێژیمی ئێران بوو نەک خەڵکی ئەم وڵاتە و تەنانەت ترامپ باسی لە دیکتاتوری ڕێژیمی ئێران کرد و لە گوشارەکانی ئەم رێژیمە بۆ سەر خەڵکی ئێران، جیهانی ئاگادار کردەوە.