کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەراوێزنشینی لە کرماشان، لە ئاستی کارەساتدایە

20:12 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کرماشان کەڵان شارێکە کە بە پەراوێزنشینییەوە خەریکە رۆژ بە رۆژ گەورەتردەبێت و خەڵکی ئەم شارە لە بواری ئابوورییەوە کەوتونەتە پەراوێز.

بەپێی هەواڵی هەوالدەرییەکانی ریژیم؛ هوشەنگی بازوەند پارێزگاری رێژیم لە کرماشان، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ جێگری وەزیری ڕێژیم، لەسەر بەرێوەبەری شاری لە کرماشان گفت‌وگۆی کردووە کە وەک چاوەڕوان دەکرا بە بێهئاکام کۆتایی پێهاتووە.

شاری کرماشان زۆرتر لە پێنج ساڵە کە وەکوو کەڵانشار ناوێ دەبەن، بەڵام هێشتا بودجەی ئەم شارە وەکوو جارانەو خزمەتگوزارییەکان لە باتی ئەوەیکە زۆرتر بێت، کەمتر کراوە.

بە پێی یاسای بەرێوەبەری شاری، کەڵانشارەکان دەبێ بودجەی زیاتر لە شارەکانی دیکە وەرگرن.

لەم دانیشتنەدا پارێزگاری ڕێژیم لە کرماشان باسی لە کێشەکانی بەرێوەبەری ئەم شارەی کردووە و بەشی ئاوەدانی ئەم شارەی زۆر بە لاواز زانیوە و ڕەخنەی لە ناهاوئاهەنگی شارەوانی و دەزگای رێگەوبان و مەسکەن و شارسازی و زۆربەی ئیدارەکانی کرماشان کردووە.

ئەمە لە حاڵیکدایە کە ڕێژیم بە ئەنقەست هەوڵی لە ناوبردنی ژێرخانی ئابووری لە شارەکانی کوردستان دەدات و لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە کورد هیچ گرینگییەکی نییه و داهاتی شارە کوردییەکان بە تاڵان کردنی سامانیان بۆ ناوچە فارس نشینەکان سەرف دەکات.

هوشەنگی بازوەند ڕایگەیاندووە کە پارێزگای کرماشان ٧هزار میلیارد پرۆژەی نیوە کارەی هەیە و بەشێکی زۆر لە پرۆژەکانی کرماشان بودجەی بۆ دیاری نەکراوە.

ئەمە لە حالێکدایە کە سازمانی بەرنامەو و بودجەی رێژیم بە بێ لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی کێشەکانی شارەکانی ئێران، یەک بەرنامەی بۆ تەواوی پارێزگاکان هەیە، لەم ناوەشدا شارەکانی کوردستان کە سەرمایەیەکی زۆریان هەیە، بۆ نمونە کرماشان دەبێ لەبەر هەبوونی نەوت، لە داهاتی پاڵاوگەی کرماشان بودجەی زیادی بۆ دابین بکرێت.

ئەم کێشەگەلە وای کردووە کە خەڵکی کرماشان توانای بەرێوە بردنی ژیانی خۆیان لە ناوەندی شار نەبێت و بەرەو پەراوێزی شار برۆن.

ڕێژیمی ئێران هێشتا نەیتوانیوە دوای زۆرتر لە بیست ساڵ بە کۆتایی هاتنی شەڕی عیراق، ئاسەوارەکانی خراپی ئەم شەڕە لەسەر ئاوەدانی کرماشان، چارەسەر بکات و بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی ئەم شارە هیچ بەرنامەیەکی نییە.