کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ڕێکخراوی سیای ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی وەک داعش پێناسە کرد

20:58 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پێش ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو شەڕە مەزهەبیی و فیرقەییەکاندا نوقم بێت. بە دامەزراندنی نیزامی ویلایەتی فەقیهـ لە چل ساڵی ڕابردوودا گرووپە ئیسلامییە تێرۆریستییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بونیات نا.

مایک پێمپێئۆ بەرپرسی ڕێکخراوی سیای ئامریکا لە وتارێكیدا لە زانکۆی تێگزاس سیاسەتە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەکەدا بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو برد.

مایک پێمپێئۆ، لەم وتارەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، ڕێژیمی ئێرانی بە هاوشێوەی داعش ناو برد و وتی: جیاوازی نێوان ڕێژیمی ئێران و داعش لەوە دایە، کە دەوڵەتی ئیسلامیی بە دوای دامەزراندی خەلافەتەوە بووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریست لە دنیا دایە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵێ ١٣٥٨ی هەتاوی، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خومەینی دامەزراوە و بەرنامەی تەنیا سەرکوت کردن و لەناوبردنی هێزەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و کوشتنی چالاکانی سیاسی بوو، بەڵام دوای ماوەیەک دروست کردن و پشتیوانی کردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان و دروست کردنی ئاژاوە و بشێوی و شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونە سەرەکیترین کارەکانی سپای پاسداران. دامەزراندنی حیزبوڵلای لوبنان و پشتیوانی کردن لە گرووپە تێرۆریستییە ئیسلامییەکان لە عێراقدا نموونە سەرەتاییەکانی دەستپێکردنی چالاکییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە.

ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە پەیڕەوی لە سیاسەت و ستراتیژییەکی دیار لە فیکری ئەوەدا بووە کە بە دامەزراندنی گرووپە بونیاتگەرا مەزهەبییەکان لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێز و دەسەڵاتی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا پەرە پێداوە و بە دروست کردنی دووبەرەکیی و شەڕی ناوخۆ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا ویستوویەتی ئاگری شەڕ لە خۆی دوور بخاتەوە.