کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان لە ئێراندا لە پلەی کۆتایی گەشەکردن دایە

15:24 - 29 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: شارە کوردییەکان لە ئێران سەرەڕای دەوڵەمەند بوونیان لە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئێران، لە بواری گەشەسەندن، پلەی کۆتاییان هەیە.

لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئامارێکی ڕوون لە گەشەی ئابووری شارەکانی کوردستان بڵاو ناکرێتەوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە کرماشان لە رێزبەندی ٢٠ـتەم بەرەو سەرەوەیە و یەکێک لە سێ پارێزگای گەشەنەکردووەکانی ئێرانە.

کاتێک کە باسی گەشەنەکردنی پارێزگای کرماشان دەکرێت و پرسیار لە هۆکارەکەی دێتە ئاراوە، زۆرترین وڵامێک کە دەدرێتەوە، ئەوەیکە شەڕی ئێران و عیراق بە هۆکاری سەرەکی گەشەنەکردنی ئەم پارێزگایە دەزانن.

بەڵام نزیک بە ٣٠ ساڵە کە شەڕی ئێران و عێراق کۆتایی پێ هاتووە و هێشتا وەکوو وڵامێکی لاوەکیی بۆ گەشەنەکردنی پارێزگای کرماشان بە کاری دەبەن.

هەر لەو کاتەیش زیاترین شەڕەکان لە ناوچەکانی کوردستان کراوە و کوشتن و بڕین و مووشەکباران و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی کرماشان بووە و لە هەمان حاڵدا شارە فارسەکان بوودجەیان بە تەواوەتی وەردەگرت و رۆژ بە ڕۆژ گەشەیان دەکرد.

قەیرانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان جیا لە ئاشکرا بوونی، لە ئامارەکانی ڕێژیمیش دەردەکەوێ، بۆ نموونە بەپێی ئاماری ساڵی ١٣٩٥ هەتاوی، لە حەشیمەتی ٢ میلیۆنی کرماشان نزیک بە ٢٠٠ هەزار کەس بێکارن، کرماشان لە ١٨ ساڵی ڕابردوو ١٥ ساڵ پلەی یەکەمی بێکاری هەبووە و ساڵانە ٣٠ هەزار بێکار بە ڕێژەی بێکارەکانی ئەم شارە زیاد دەبێ.

هەروەها بەپێی ئاماری بانکی ناوەندیی ئێران، هەر بنەماڵەی کرماشانی ٣/٢ نێونجی داهاتی ئێرانیان هەیە.

بە وتەی عەلی‌ئەشرەف کەرەمی، جێگری دادستانی کرماشان، ئەم پارێزگایە لە بێکاری، ئەیدز، پەراوێزنشینی، خۆکوژی، مادەسڕکەرەکان و تەڵاق، لە حەوت پارێزگای یەکەمی ئێرانە.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە پارێزگای کرماشان، لە بواری کانگا ژێرزەوینییەکان و ڕوو زەوینییەکان، لە بواری کشتوکاڵ و هەبوونی زیاتر لە ٢٠٠٠ ئاسەواری مێژوویی، سەرچاوەی ئاوی زۆر و هەبوونی دوو سنووری گرنگ و زۆر درفەتی دیکەی گەشە کردنی لەم پارێزگایە هەیە.

ڕێژیمی ئێران جیا لە شەڕی فەرهەنگیی و ئاسمیلاسیون و لەناوبردنی شوناسی ئەم شارە، بەردەوام پیلان بۆ تاڵان کردنی سامان و سەرمایەی شارەکانی کوردستانی هەیە و بە هەموو هێزیەوە لە هەوڵ دایە کە کرماشان و هەموو شارەکانی کوردستان لە هەموو بوارێکدا لەناو ببات.

هاوکات شارە ناوەندییەکانی ئێران بە بەردەوامی لە حاڵی گەشەکردن لە ڕێگای سامان و سەرمایەی تاڵانکراوی کوردستان دان.

لە لایەکی دیکە بەرپرسانی ڕێژیمیش لە کرماشان، بە هیچ شێوەیەک گرنگی نادەن بە بارودۆخی نالەباری ئەم شارە و کێشەکان بەرەو قەیران و کارەسات دەگۆڕدرێن.