کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی باشوور ئاڵای ڕێژیمی ئێرانییان هێنایە خوارێ

16:14 - 29 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دوای ئاڵۆزییەکانی باشووری کوردستان کوردانی باشوور ئاڵای ڕێژیمی ئێرانیان لەسەر کۆنسولخانەی ڕێژیم لە هەولێر هێنایە خوارێ.

بەپێی دوایین هەواڵەکان؛ رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی کوردانی باشووری کوردستان دەستیان دایە خۆپیشاندان لە پێتەختی هەرێمی کوردستان و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان کرد بە هانای کوردەوە بێن کە چیدیکە کورد ژینۆساید نەکرێت.

بەپیی ئەم هەواڵانە خۆپیشاندەران چوونە بەردەم بارەگای سەرەکی UN و بەردەرکی کۆنسولگەری ئامریکا و تورکیا لە شاری هەولێر تاکوو دەستدرێژییەکان بۆ سەر کوردستان ڕابگیرێت و چیدیکە لە ڕێگای حەشدی شەعبییەوە گەلی کورد ژینۆساید نەکرێت.

لە دەسپێکی هێرشی حەشدی شەعبی بەستراوە بە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، ڕێژیمی ئێران بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی حەشدی شەعبی و پاڵپشتی لە میلیشیا شیعەکان، ناهێڵین چارەنووسی کورد لە باشووری کوردستان بە ئاکام بگات.

دوای ئەوەیکە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەرێوە چوونی ڕفراندومیان بۆ سەربەخۆیی دا، داگیرکەرانی کورد بە تایبەت ڕێژیمی ئێران بە توندترین شێوە دەستیان کرد بە هەڕەشە و دژایەتی کرد.

بە کردەوە لە هەفتەی ڕابردوودا بە فەرمانی ڕێژیمی ئێران گرووپی تێرۆریستی حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر کوردستانی باشوور و هەندێک ناوچەی داگیر کرد.

هەر لە دەسپێکی شەڕەکەدا بەرپرسانی باشووری کوردستان ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی فاشیستی ئێران دەستی هەیە لە هێرش کردن بۆ سەر کوردستان و ئەم شەڕە بە پاڵپشتی سپای تێرۆریستی پاسداران بەڕێوە دەچێت.

رێژیمی فاشیستی ئێران پرسی سەربەخۆیی باشوور بە مەترسی لە سەر دەسەڵاتی فاشیستی خۆی لە ناوچەکە دەزانێ و هەر بۆیەش لە هەوڵدایە، هەرچۆنیک بێت بەربەستێک بۆ ئیرادەی گەلی کورد دابنێت.

هەر بۆیەش خەڵکی باشووری کوردستان بە کۆبوونەوە لە بەردەم کونسولخانەی ئێران، ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر چەواشە کارییەکانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی و داوایان کردووە کە ڕێژیمی ئێران کۆتایی بهێنێت بە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر کوردستان.

لەم ڕاستایەشدا خەڵکی کوردستان لە وڵامی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی فاشیستی ئێران و پاش سوکایەتییەکانی حەشدی شەعبی بە ئاڵا و پیرۆزییەکانی گەل، ئاڵای ڕێژیمی ئێرانیان لە سەر کونسولخانەی ئەم وڵاتە هێنایە خوارەوە.