کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری وەلی فەقیهـی ڕێژیم لە ورمێ: ئەگەر دەستدرێژی بە نامووسی تورک، کورد، شێعه و سونی کرا، کێشە نییە

20:20 - 6 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری وەلی فەقیهـ لە ورمێ ڕووداوی ئازاری جنسی قوتابییەکی کورد و ناڕەزایەتییەکانی دوای ئەو ڕووداوی به فینتە زانی و جەختی کردەوە، کە ئەگەر دەستدرێژی بە نامووسی تورک، کورد، شیعه و سونی کرا، کێشە نییە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە، کە سەید مەهدی قوڕەیشی نوێنەری وەلی فەقیهـی ڕێژیم لە ورمێ لە گوتاری ڕۆژی هەینی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاویدا، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کوردی لە هەمبەر ئازاری جنسی کچێکی تەمەن دوازدە ساڵە، لە لایەن خزمەتگوزاری قوتابخانەی راه شهدا بە نالەبار لە قەڵەم دا.

ئەو نوێنەرە مەزهەبییەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە: ئەو ڕووداوانە جێگای قەبووڵ نییه، بەرپرسان دەبێ بە توندی دژی بوەستنەوە، بەڵام هەندێک نابێ کەڵکاژۆی لێوەر بگرن، تاوانبار دەبێ بدرێتە دەستی قازی، نە ئەوەیکە بە هۆی ئەو ڕووداوە ماشین ئاگر بدرێت و گیانی خەڵکی بخرێتە مەترسییەوە، ئەو قەبووڵ ناکرێت.

نوێنەری وەلی فەقیهـی ڕێژیم جەختی کردووەتەوە: ئەگەر دەستدرێژی بە نامووسی تورک، کورد، شێعه و سونی کرا نابێ خەڵک بێنە سەر شەقام و ماشین و قوتابخانە ئاگر بدەن و کەسانێک کە ئەو ئاڵۆزییەیان هەڵگرساندووە مەحکوومن.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، پاش ئازاردانی کچێکی کەم تەمەن لە لایەن دەرگاوانێکی تورکەوە، هاووڵاتییانی شارۆچکەی ئیسلامئاوا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین هێرشیان کردە سەر قوتابخانەی کچانەی راە شهدا و ئاگریان تێبەردا.

هاووڵاتییانی دانیشتووی شارۆچکەی ئیسلامئاوای ورمێ، پاش بیستنی ئەو ڕووداوە قوتابخانەکە و ماڵی دەرگاوانە تورکەکە و تەنانەت بنکەیەکی بەسیجیان لەو پەیوەندییەدا ئاگر تێبەردا.

لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و کۆمەڵێک هاووڵاتیی دانیشتووی شارۆچکەی ئیسلامئاوایان دەسبەسەر کردووە.

پێشتر هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو کچە ١٢ ساڵەیە کردووە، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و وتووێژ کردن لەگەڵ ڕاگەیەندەکاندا لەگەڵ هەڵسووکەوتی قەزایی بەڕەوڕوو دەبنەوە.