کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانی: مووشەکمان ساز کردووە و سازیشی دەکەین

15:44 - 8 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: حەسەن ڕۆحانی لە لێدوانێکدا لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتی: ئێمە مووشەکمان ساز کردووە، سازیش دەکەینەوە، چونکە لەگەڵ هیچ کام لە یاسا نێونەتەوەییەکان یان بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت دژایەتی نییە.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی ناساندنی وەزیری زانست و وزە لە مەجلیسی ڕێژیم باسی لە سیاسەتەکانی دەرەکی ئێران و بەدبەڵێنیی ئامریکا کرد و لەسەر ساز کردنی مووشەک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێداگری کرد و بە مافی حاشالێنەکراوی خۆیانی زانی.

ڕۆحانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە هەر چەکێکمان پێویست بێت سازی دەکەین و هەمباری دەکەین، هەتا هەر کاتێک پێویستمان پێیان بێت و بۆ بەرگری لە خۆمان بەبێ دوودڵی کەڵکیان لێ وەر دەگرین.

ڕۆحانی لە حاڵێکدا ساز کردنی مووشەکی بالستیکیی بە مافی ڕێژیم دەزانێت، کە لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی ڕێژیمی ئێران پێبەند کراوە، کە لە هەر جۆرە تاقیکاری مووشەکە بالستیکییە ناوکییەکان خۆی بوێرێت و پێبەندیی خۆی بەو خاڵە لە بڕیارنامەکە واژۆ کردووە.

هەروەها خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەر، لە زانکۆی ئەفسەری لە لێدوانێکدا وتوویە: کەرەستە و هێزی بەرگریی وڵات بۆ وتووێژ و قسە کردن نابێت.

ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکات کە مووشەکە سازکراوەکانی ئێران توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان نییە، بەڵام ئامریکا و هێندێ لە هاوپەیمانەکانی ئەم ئیدعایەی ڕێژیمی ئێران ڕەت دەکەنەوە.

شایانی باسە سەرکۆماری ڕێژیم لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئامریکا بە هاتنی بۆ ناوچەکە ئاسایش و ئارامیی لەنێو بردووە و لەم دواییاندا دەیەویست وڵاتی عێراق پارچەپارچە بکات، کە سپای عێراق بە پشتیوانیی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە ڕێگایان نەدا یەکپارچەیی عێراق تووشی هەڵوەشاندن ببێت.

پاش ئەوەیکە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بێدەنگیان لە هەمبەر هێرشی حەشدی شەعبی و سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ سەر کەرکووک و بەشێک لە کوردستان هەڵبژارد، ڕێژیمی ئێران ساز کردنی مووشەکی بالستیکیی و دەستێوەردان لە وڵاتی عێراق و هێرش بۆ سەر کوردستانی بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و پڕ لە سەرەڕۆیی و ملهوڕییەوە دەردەبڕێت.