کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە: ناتوانین دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە قەبوول بکەین

15:04 - 10 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران سەرەڕای گوشارە جیهانی و ناوچەییەکان، لە ئاژاوەنانەوە و دستێوەردان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کردەوەی تێرۆریستی بەردەوامە.

ژان ئیو لودریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، لە دانیشتنی شۆرای پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئامریکا، وتوویەتی: چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیەکە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی واشینتۆن و پاریسە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دوای پەرەپێدان بە دەسەڵاتی سیاسی و نیزامیی لە ناوچەکە بۆ بەرەو پێشبردنی بیرۆکەی دژە مرۆییەکانییە.

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، لەو دانیشتنەدا ئاماژەی بە چالاکییە خراپکارانەکانی ئێران لە ناوچەکە کردووە و ڕایگەیاندووە: ئێمە ناتوانین دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و پاوانخوازییەکانی قەبوول بکەین.

ڕێژیمی ئێران لە دوایین دەستێوەردانەکانی لە عێراق، بە پڕچەک کردنی حەشدی شەعبی و فەرماندەیی کردنی ئەم گرووپە، دەستی بە سەر عێراق گرتووە و لە ڕاستای سیاسەتە پاوانخوازنەکانی هێرشی بۆ سەر باشووری کوردستان کردووە.

ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی وەکوو: یەمەن، سووریە، بەحرەین، عێراق و فەلەستین لە بواری سیاسی و نیزامیی بە پاڵپشتی کردن و سازکردنی گرووپە تێرۆریستییەکان، دەستێوەردان لە کاروباری ئەم وڵاتانە دەکات، تەنانەت خەریکە دەسەڵاتی خۆی لە وڵاتە ئافریقییەکانیش پەرە پێ دەدات.

هەروەها لوردیان، پەرەسەندنی بەرنامە ناوکییەکان لە ئێران، بە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگای جیهانی زانیوە.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای گوشار و گەمارۆ جیهانییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە چالاکییە ناوکیی و مووشەکییەکانی، هەروا بەردەوامە.