کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی بەکرێگیراوان و پاسدارەکان لە مەهاباد بەڕێوە چوو

15:21 - 11 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: کۆنگرەی بەکرێگیراوان و پاسدارەکان بە بەشداریی بەرپرسانی پلە بەرزی ڕێژیمی ئێران لە مەهاباد بەڕێوە چوو.

رۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆنگرەی بەکرێگیراوان و پاسدارەکان بە بەشداریی بەرپرسانی سیاسی ـ نیزامی و مەزهەبی لە تەلاری وەحدەت لە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

مەلا قادر سۆرابی پێشنوێژی هەینی شاری مەهاباد و ملکەجی ڕێژیم، کە بە بێ‌شەرمی باسی لە ئازایەتی بەکرێگیراوەکانی کردووە و لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: ئەگەر خوێنی ئەوان نەبوایە ئێستا ئێمە لێرە نەدەژیاین.

سۆرابی مەلای سەر بە ڕێژیم ئەوەشی وتووە: کە دیفاعی مووقەدەس ئێمەی بیمە کردووە و دوژمنان خەیاڵیان خاوە.

پاسداری تێرۆریست محەممەدی پاکپوور، لەو کۆبوونەوەیەدا بە ڕاشکاوی هەڕەشەی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کردووە و وتوویەتی: جموجووڵەکانی ئەوان نە تەنیا لە نێو سنوورەکانی ئێران بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش پووچەڵ دەکەینەوە و کۆماری ئێسلامیی بۆ دابین کردنی ئەمنییەت و ئاسایشی خۆی لە هیچ کارێک خۆی نابوێرێ.

پاکپوور، وەک سووکایەتی کردنێک بە نەتەوەی کورد، کوردەکانی بە قەوم و عەشیرە ناوبردووە و وتوویەتی: ئەگەر یارمەتی وەرگرتن لە هێزە خۆجییەکان واتە بەکرێگیراوەکان نەبوایە نەماندەتوانی ئەمنییەتی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران دابین بکەین.

ئەو پاسدارە تێرۆریستە، هەوڵدان بۆ دابین کردنی مافی چارەنووسی کوردەکانی لە باشوور بە پیلانی ئامریکا و ئیسراییل ناوبردووە و وتوویەتی: کە بە هوشیاری خەڵک و هەوڵە بەجێیەکانی حکوومەتی ناوەندیی ئەو پیلانەی ئامریکا و ئیسرائیل پووچەڵ کرایەوە.

بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسانەی ڕێژیم، لە یەمەن و بەحرەین و ئەو بازنەیەی کە بە هیلالی شێعە ناسراون دابین کردنی مافی چارەنووس شتێکی ڕەوایە، بەڵام بۆ نەتەوەیەکی ٥٠ میلیۆن کەسی و خاوەن ناسنامەی ناوچەیی و نەتەوەیی و نێونەتەوەیی وەک کورد شتێکی ڕەوا نییە.

لێرە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، کە کوردە فریوخواردووەکانی ملکەجی ڕێژیم، هەتا کەی دەیانەوێ ژێردەست بن و چاویان لە دەستی ئاخوندەکانی تاران بێت و خاک و شەرەفیان داگیر کرابێت و هەڕەشە لە ڕۆڵەکانی کوردستان واتە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بکرێت و بێدەنگ بن؟!