کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران دەستدرێژی سکسی دەکرێتە سەر منداڵانی کار

16:31 - 15 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ٩٠ لەسەدی منداڵانی کار لە ئێران، لە لایەن خاوەن کارەکانیانەوە دەسترێژی سکسیان دەکرێتە سەر.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕۆژنامەی شەهروەند، لە زاری ڕەزا قەدیمی بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: کە لە کۆی ٤٤٠٠ کەس کە لە شەقامەکانی تاران کۆ کراون، ٤٠٠یان منداڵ بوونە و بەپیێ توێژینەوەکان ٩٠%ی ئەو منداڵانە ئازاری جنسی دراون.

قەدیمی وتیشی: ئەو منداڵانە رۆژ تا ئێوارە لەسەر شەقامەکان کار دەکەن، پاشان کە دەگەڕێنەوە، خاوەن کارەکانیان دەستدرێژی سکسیان دەکەنە سەر و بە گشتی ئازاری جنسی دەدرێن.

هەروەها ناوبرا ئاماژەی بەوە کرد، کە منداڵانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ ڕێژەیان لەسەر شەقامەکان زیادی کردووە، کە ئەوە مەترسییە لەسەر کۆمەڵگای ئێران و توێژینەوەکان پیشان دەدەن ئەو منداڵانە لە پاکستان و ئەفغانستان دەهێندرێنە ئێران.

ماوەیەک لەوە پێش محەممەد گەندوم نژاد تووسی ناسراو بە سەعید تووسی، یەكێك لە فێرکارانی وانەی قورئان کە لە خامنەیی زۆر نزیكە، تۆمەتبارە بەوەی كە دەستدرێژیی سكسی كردووەتە سەر ١٠ تا ١٩ منداڵی ١٢ تا ١٤ ساڵە، كە بۆ فێربوونی قورئان چوونەتە لای ناوبراو.

ئازار دانی منداڵان بەگشتی لە کۆمەڵگای ئێران، وەک دیاردەیەکی بڤە چاوی لێ دەکرێت و هیچ کەس بایەخی پێ نادات و ڕێگای یاسایش، بکەرانی ئەو دیاردە دڵتەزێنە ناگرێتەوە.