کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاری گشتی دۆسیەی \"ئامیا\" کوژراوە

15:47 - 16 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: پۆلیسی ئارژانتین ئاشکرای کرد داواکاری گشتیی دۆسیەی تەقاندنەوەی ناوەندی فەرهەنگی جولەکەکان کوژراوە.

ئاسۆشیتێدپرێس بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی پۆلیسی ئارژانتین بڵاوی کردەوە؛ ئالبێرتۆ نێسمان داواکاری گشتیی ئارژانتین کە ئەرکی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی تەقاندنەوەی ناوەندی فەرهەنگی جولەکەکانی ئارژانتین ناسراو بە ئامیای لە ئەستۆ بوو کوژراوە.

بەپێی دوایین زانیارییە بڵاوکراوەکان داواکاری گشتیی ئالبێرتۆ نیسمان چوار ڕۆژ پاش ئەوەی باسی لە دەوری سەرکۆماری پێشووی ئارژانتین، کرستینا فێرناندێز کردبوو لە پەیوەندی لە گەڵ شاردنەوەی دەوری ئێران لەو هێرشە تیرۆریستییە، بە مردووی دیترایەوە.

تەرمی نیسمانی تەمەن ٥١ ساڵ لە رێکەوتی ١٨ ژانوییەی ٢٠١٥ دۆزرایەوە و دواتر ڕاگەیەندرا کە ناوبراو خۆی کوشتووە بەڵام لێکۆڵینەوەی نوێی پۆلیسی ئارژانتین دەریخستووە کە ناوبراو کوژراوە و هەموو زانیارییەکانی پێشووی پیوەندیدار بە خۆکوشتنی ڕەد کراوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٩٤ ناوەندێکی جولەکەکان لە بۆینێس ئایرێس تەقێندرایەوە کە تێیدا ٨٥ کەس کوژران و ئێران بە تاوانباری ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەستینشان کراوە.

لە ساڵی ٢٠١٣دا حکومەتی فێرناندێز لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو مەسەلەیە. هەڵبەت داواکار نیسمان پێی وابوو فێرناندێز ئەو ڕێککەوتنەی بەکار بردووە بۆ ئەوەی بە نهێنی لەگەڵ ئێران دانووستاندن بکا و یارمەتیدەری ئێران بێ بۆ پاراستنی ئەو کاربەدەستە ئێرانییانەی کە تۆمەتبار کرابوون بەوەی دەستیان لەو هێرشە تیرۆریستییەدا هەبووبێ.