کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم، ئەمنییەتی جیهان دەخاتە مەترسییەوه

21:24 - 18 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەشێک لە نوێنەرانی عەرەبستانی سعوودی، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکەدا بۆ شۆرای ئەمنییەت باسیان لەوە کردووە، کە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم ئەمنییەتی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بەشێک لە نوێنەرانی عەرەبستانی سعوودی، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش دەستپێکی دانیشتنی شۆرای ئەمنییەت باسیان لەوە کرد، دۆخی مرۆیی یەمەن و پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم ناوچەکە و جیهان تووشی مەترسی دەکات و بەو بۆنەوە داوایان کرد کە پێش لە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران بگیرێت.

هەروەها نوێنەرانی عەرەبستانی سعوودی، جەختیان لەسەر ئەو کردووەتەوە، کە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ئاشکرا چەکوچۆڵ بۆ یەمەن دەنێرێت، کە پێشێل کردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدان بە شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەیە و مەترسییەکی جیددی بۆ سەر جیهانە.

لەو پێوەندییەدا، عادڵ ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: ڕێژیمی ئێران یەکەم وڵاتی پشتیوانی تیرۆریزمە و دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، گەمارۆ بخاتە سەر تاران.

ناوبراو لەو لێدواندا کە لەگەڵ کەناڵی (CNBC) ئەنجامی داوە، لە بارەی دەستێوەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا باسی لەوە کردووە، دەمانەوێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هۆی پاڵپشتیی ئەو ڕێژیمه لە تێرۆریزم، زنجێرە گەمارۆیەک بەسەر تاراندا بسەپێنێت.

پاش هێرشی مووشەکیی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ڕیاز، حکوومەتی سعوودییە ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانێت.
هەر لەو بارەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە میدیاکانی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە، کە هێرش بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی دیکە بەتایبەت دۆبەی دەکەن.