کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی نوێی ڕێژیم بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی

20:46 - 21 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵێکی نوێی دیکەدا بەتەمای بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و شێواندن و چەواشەکردنی ڕووداوە مێژووییەکانی کوردستانە.

لە چوارچێوەی شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامیدا و بە سەرپەرشتی وەزارەتی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەتی و سیخوڕییەکانی ڕێژیم، دەزگای دەنگ و ڕەنگ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین بەرنامەی بەناو دێکیۆمێنتاریان بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هەوڵ بۆ خەوشدارکردنی سیمای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و شێواندنی مێژووی هاوچەرخی کوردستان دراوە.

کاناڵی مستند سەر بە ئیدارەی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی زنجیرە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لەژێر ناوی پیشمرگان وێڕای ئاوڕدانەوە لە ڕووداوەکانی پێش و پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ڕێگەی کۆمەڵێک تاکی نەفس‌نزمی خۆش‌خزمەت بە ڕێژیم کە کەسایەتی دزێویان بۆ خەڵک بەتەواوەتی ڕوونە، هەوڵی شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکان و هەروەها خۆبەری‌کردن لە تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە گەلی کوردیان داوە.

لەم زنجیرە بەرنامە پڕاوپڕ لە درۆ و دەلەسەیە، کە ئەوپەڕی ڕق و قینی ئامادەکارانی بەرنامەکە دژ بە گەلی کوردی پێوە دیارە، لە ڕێگەی کەسانێکی وەک فایق فەرەجی، ڕەحیم ئەحمەدی، خەلیل ڕەزایی، واحید ئەسعەدی و چەندین چەکهەڵگری دیکەی ڕێژیم هەوڵ بۆ شێواندنی کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان دراوە.

هەروەها لە دووتوێی بەرنامەیەکی دیکەی هاوشێوە لەژێر ناوی (بر بلندای صخرەها) کە باس لە ژیانی پاسداری بەدناوی ڕێژیم سەمەد بوستانی دەکات، هەوڵ دراوە لە ڕێگەی کەسانێکی ناوزڕاوی وەک بەیتوڵا دادخا قارەمان‌سازییەکی درۆیین لە ناوبراو و هاوپیاڵەکانی بخرێتە بەرچاوی بینەر و لە هەمان کاتیشدا هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان وەک لایەنێکی بەستراوە بە بێگانە و دژ بە ئازادی و بەرەی ئاژاوەچی بناسێنێت.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم پاسدارە جینایەتکارەی ڕێژیم لە تەمەنی پڕ لە شوورەیی خۆیدا و لە چوارچێوەی خۆشخزمەتییەکانی بە ڕێژیم چەندین گەنج و لاوی کوردی بەهۆی ئازادیخوازی ڕەوانەی ڕەش‌چاڵەکانی کۆماری ئیسلامی کرد و دواجار ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە جەریانی حەماسەی لەبیرنەکراوی قەرەسەقەڵی شنۆ کوژرا.

ئەوەیکە ڕوونە ڕێژیمی دژەکوردی تاران لە هەموو تواناییەک بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی گەلانی ئێران دژ بە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان کەڵک وەردەگرێ؛ پێشتریش هەوڵی لەم چەشنە دراوە کە ئامانجەکەی لە ڕاستیدا شێواندنی مێژوو و چەشنێک لە شەڕی نەرم بووە بۆ بەردەنگی غەیری کورد تاکوو لەم ڕێگەیەوە پاساو بۆ جینایەتەکانی خۆیان لە ڕابردوو و لە ئێستادا بهێننەوە و ڕەواییەکی، هەرچەند کاتی، بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.