کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزه کوردستانی هەژاند

15:41 - 22 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بوومەلەرزەیەک به پلەی ٧/٣ ڕیشتر، شارەکانی کوردستانی هەژاند، ناوەندی ئەم ڕووداوە شاری ئێزگلە سەر بە پارێزگای کرماشان بووە.

بوومەلەرزەکە لە کاتژمێری ٨:١٨ شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕووی داوە و هەتا ئێستە بەپێی ئامارە نێوخۆییەکان ٢٢١ کەس لە کرماشان گیانیان لە دەست داوە و زۆرتر لە ٢٥٠٠ کەس بریندارن.

ئەم بوومەلەرزەیە لە پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە و لە زۆربەی شارەکان بەتایبەت کرماشان زیانی ماڵی و گیانی لێ کەوتووەتەوە.

به هۆی ئەم ڕووداوە زۆربەی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شەوی ڕابردوو هەتا ئێستە ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە و بۆ خوپاراستن لە بومەلەرزه لە شەقامەکان دان، هەروه‌ها قوتابخانەکانی ئیلام و کرماشان و سنه ئەمڕۆ دووشەممە داخراون.

لەم بوومەلەرزەیەدا زۆرترین خەسار وە بەر شارەکانی سەلاسی باوەجانی، سەرپێڵ و زەهاو، قەسرشیرین، شائاباد و جوانڕۆ کەوتووە، هەروەها بەشێک لە ڕێگەوبانی ئەو شارانە بە هۆی هەرەسی شاخەکان داخراون و خەڵکی ئەم شارانە تووشی کێشە و دڵەڕاوکێ بوون.

به وتەی مورتزا سەلیمی بەرپرسی هیلال ئەحمەری کرماشان، لە زۆربەی شارەکان لەگەڵ کێشەی کەم بوونی پێداویستی وەکوو ئامبوولانس و هێز بەرەوڕوون و به هۆی ڕووخانی بەشێک لە نەخۆشخانەکان، بۆ ناردنی کەرەستە و پێداویستی داوایان لە شارەکانی دیکە کردووە، زۆربەی بریندارەکان لە نەخۆشخانەی سەحرایی چارەسەر دەکرێن.

هەروەها جێگری ئاوەدانی پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاندووە: هەندێک لە شار و گوندەکان لەگەڵ کێشەی ئاو بەروەڕوون و بەشێکی زۆر لە ماڵەکان کارەبایان نییە و ٢٠٠ هێڵی تەلەفۆن داخراون.

ئەم ئامارانە هەتا ئێستە وەبەر دەست کەوتوون و مەزەندە دەکرێ کە ژماری کوژراو و بریندارەکان زۆرتر بێ.

لە شەوی ڕابردوو هەتا ئێستە چەندین جار پارێزگای کرماشان لەرزاوە و دامەزراوەی ژئۆفیزیکی ئێران ڕایگەیاندووە، کە لەرزینەکان درێژەیان دەبێت.

لەم بومەلەرزەیەدا جیا لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات لە شارەکانی باشووری کوردستان و هەروەها لە بەشێکی زۆر لە عیراق و شارە فارس‌نشینەکانی ئێرانیش هەست کراوە.