کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیناکانی مێهر قەتڵگەیەک بۆ هاونیشتمانیان

14:50 - 23 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بیناکانی مێهر بۆ تێکەوەپێچانی هەژاری بوو یان هەژارەکان؟

شەوی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای کرماشانی هەژاند، کە بە هۆیەوە خەسارێکی زۆری گیانی و ماڵی لێ کەوتەوە و بەپێی وێنەکان و هەواڵە بڵاوکراوەکان بیناکانی مێهر خەسارێکی یەکجار زۆری بە خەڵکی هەژاری کوردستان گەیاندووە، ٩٠% ئەو بینایانە کە بە خانووەکانی مێهر ناسێندراون لەم کارەساتە ڕووخاون، کە ئەوەش ئەوپەڕی نابەرپرسیاریەتی و گەندەڵی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران لە سازکردنی ئەو بینایانە دەردەخات.

پرۆژەی بیناکانی مێهر کە ڕێژیم ئەوەندە بە باڵایدا هەڵدەگوت، ئێستا ئەنجامی ئەو گەندەڵی و نابەرپرسایەتی بەرپرسانی ڕێژیم پیشان دەدا و لە وێنەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو بینا کەسییانە کە لە پەنای بینا حکوومەتەکانی مێهرن، هیچ خەسارێکیان لێ نەکەوتووە یان ئەگەریش خەسارێک بووبێت زۆر کەم بووە و نەبووەتە بەڵای گیانی هاونیشتمانیانی کورد.

بەرنامەی ساز کردنی بیناکانی مێهر لە کاتی سەرکۆماری مەحموود ئەحمەدی‌نژاد هاتە ئاراوە و لە زۆرێک لە شارەکان هێشتا تەواو نەبوونە و نەدراون بە خەڵک.

ئەگەرچی بەشێکی کەم لە خەڵکی هەژار و دەستکورتی پارێزگای کرماشان لە ڕێگای پرۆژەی مێهر بوونە خاوەنی ماڵ، بەڵام هەر ئەو بینایانە گیان و ماڵی زۆربەیانی ئەستاند.