کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەساتی بوومەلەرزه لە کرماشان و کەمتەرخەمی ڕێژیم

16:30 - 23 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە نێوخۆییەکان، کۆژراو و بریندارەکانی بوومه‌لەرزەی کرماشان، زیاتر لە ١٠ هەزار کەسە.

لە بوومەلەرزەی شەوی یەکشەممە کە ناوەندەکەی شاری ئێزگلەی سەر بە پارێزگای کرماشان بوو، ١٢٠٠٠ خانوو سەداسەد لەناو چوونە و ١٥ هەزار ماڵیش خەساری زۆریان پێگەیشتووە.

لەم کارەساتەدا هەتا ئێستە زۆرتر لە ٤٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٨ هەزار کەسیش بریندارن.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە بەشێکی کەم لە خانووە ڕووخاوەکان پشکێندراون و ئاماری بێ‌سەروشوێنەکان هێشتا دیار نییە و مەزەندە دەکرێت کە ئاماری کوژراو و بریندارەکان زۆرتر بێت.

لە یەکەم ساتەکانی ئەم کارەساته، خەڵکی پارێزگای کرماشان پەنایان بردووە بۆ دەرەوەی شارەکان و هەتا ئێستە لە شەقام و کۆڵانەکاندا ئاوارەن و ماڵیان بەجێ هێشتووە.

لەو شارانەی کە بوومەلەرزەکە کاریگەری زۆری هەبووە وەکوو: سەرپێڵ و زەهاو، قەسرشیرین و داڵاهوو، خەڵکی ئاوارە لە بارودۆخێکی نالەبار دان و هەموو ژیانیان لەناو چووە و تەنانەت خێوەت و پەتوویان نییە بۆ خۆ گەرم کردنەوە.

لە یەکەم ساتەکانی کارەساتی بوومەلەرزه، دامودەزگاکانی ڕێژیم بانگەشەیان دەکرد بۆ فریاکەوتنی خەڵک و دابین کردنی پێداویستی بۆ ڕزگار کردنی ئەو خەڵکەی کە لە ژێری ئاوار ماون و پڕوپاگەندەیان بۆ ڕێکخراوە نیزامییەکان وەکوو سپای پاسداران دەکرد.

بەڵام ڕوونە کە هەتا ئێستە دامودەزگاکانی ڕێژیم لەوپەڕی کەمتەرخەمی به هانای خەڵک دەچن و خەڵکی شارەکانی پارێزگای کرماشان بەبێ پێداویستی سەرەتایی لە سەرما و ئاوارەییدا ڕەنج دەکێشن.

ئەمە لە حالێک دایە کە هەر لەم مانگەدا بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چله‌ی ئیمام حوسێن، هەموو دامودەزگاکانی سەرتاسەری ئێران بەتایبەت کرماشان بە هەموو پێداویستییەک بۆ خزمەت کردن بە ئازیەتباران بە بوودجەی تایبەتەوە ئامادە کرابوون.

بە دابین کردنی فڕۆکه و پاس و سەدان ئامبوڵانس و هەزاران کەس و تەنانەت دابەش کردنی خواردنی سەڵەواتی و بە کارگرتنی هێزە نیزامییەکان خزمەتگوزاریان دەکرد.

بەڵام ئێستە کە کرماشان تووشی کارەسات بووە و خەڵک ئاوارە بوونە، نان و ئاوی خواردنیان نییه و نەخۆشخانە و دەرمانیان نییە و باس لە کەمبوونی هێز بۆ یارمەتیی خەڵک و نەبوونی ئامبوڵانس دەکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا کارێک که کردوویانە، ناردنی پەیامی هاوخەمی و باس لە کارا کردنی هەموو ئیدارەکان و هێزە نیزامییەکان بۆ خزمەت بە خەڵک دەکەن، بەڵام بە کردەوە لەو ئاستەی کە ڕێژیم باسی دەکات نییە و تەنیا پڕوپاگەندەیەکە بۆ ڕێژیم.

بۆ خزمەت کردن بە بەشدارانی چلەی ئیمام حوسێن بەبێ داوا کردن لە خەڵک بوودجەی تایبەت دابین دەکرێت، بەڵام بۆ خەڵکی ئاوارەی کوردستان ژمارەی حیسابی بانکیان داوە و داوایان لە خەڵکی ئێران کردووە کە یارمەتی ماڵی بدەن.

ڕێژیم بۆ یارمەتی دانی موسڵمانەکانی میانمار، سووریە، فەلەستین و یەمەن و ئافریقا بە کەشتی و فڕۆکە لە بوودجەی تایبەت کەلوپەل دەنێرێت، بەڵام هیچ بوودجەیەکی تایبەت بۆ خەڵکی ئێران نییە و کورد بوونیش بۆ خۆی لە سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە تاوانە و گیانی خەڵکی کوردستان بۆیان گرنگ نییە.