کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم یارمەتییەکانی خەڵک بۆ خۆی دەبات

12:59 - 24 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵک دەست لە یارمەتییەکانی خەڵکیش ناپارێزن و دەستی بەسەر دادەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یارمەتی و هاوکارییەکانی خەڵک که لە لایەن خەڵکەوە بۆ لێقەومانی بوومەلەرزەی کرماشان کۆ کراوەتەوە دەستی بەسەر دادەگرن و بۆ خۆیانی دەبەن. ئەو کردەوە نامرۆڤانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتێک دایە کە خەڵکی کوردستان لە بواری ژیان و دۆخی ئابوورییەوە لە دۆخێکی نالەباردا ژیان دەکەن و بژیوی ژیانیان بە سەختی دابین دەکەن.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە دەنگۆی ئەوە هەیە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئیدارەی هیلالی ئەحمەرەوە ئەو یارمەتی و شتومەکەی کە لە لایەن خەڵکەوە بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان کۆ بووەتەوە ڕادەستی خەڵکی ناکەن و بۆ گرووپەکانی سەر بە خۆیان وەک حیزبووڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی و لایەنە توندڕەوکانی دیکە دەنێرن و یارمەتی بەو گرووپە تێرۆریستیانە دەدەن.

هەر بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان به هۆی ئەوەیکە ڕێژیم هیچ هاوکاری خەڵک ناکات، هاووڵاتییان تووشی سەرلێشێواوی بوونە و ڕەوتی یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی لێقەوماو نالەبارە و زۆربەی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو پێویستیان بە نان و ئاو هەیە کە ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەریی کێشەکان هەڵنەگرتووە. دانیشتوانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر هاوکاریی نەکردنی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە و خەڵک داوای ئاوی خواردنەوە، خۆراک، جلوبەرگی گەرم، خێوەت، شیری وشک و شتومەکی دیکەیان کردووە.