کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعد حەریری: بەرپرسانی ئێران درۆ دەکەن

15:44 - 24 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: کە پێشنیاری بە وەلایەتی نەکردووە کە لە نێوان ئێران و عەرەبستان نێوبژیوانی بکات.

سەعد حەریری سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ قەشەی مەزنی ئەم وڵاتە باسی لەوە کرد، لە دانیشتنەکانی لەگەڵ عەلی‌ئەکبەر وەلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بە هیچ شێوەیەک پێشنیاری نێوبژیوانی پێی نەداوە.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە هەفتەی ڕابردوو، وەلایەتی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەعد حەریری داوای لێ کردووە بۆ باشتر بوونی پێوەندییەکان ئێران و عەرەبستان ڕۆڵی نێوبژیوانیی بگێڕێت.

سەعد حەریری سەرۆکوەزیرانی پیشووی لوبنان لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا وازهێنانی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. ناوبراو لەو ڕاگەیاندراوەدا هۆکاری وازهێنانەکەی بۆ زاڵبوونی حیزبوڵڵا و ڕێژیمی ئێرانی بە سەر لوبنان دەگەڕێتەوە و باسیشی لەوە کردووە: ئێران بڕواتە هەر شوێنێک وێرانی و نائەمنییەتی لەگەڵ خۆی دەبات.

هەر لەم پێوەندییە، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، قەشەی مەزنی ماروونییەکانی لوبنان بۆ عەرەبستان سەفەری کرد و لەگەڵ سەعد حەریری دیداریان کرد، لە قسەکانیدا ئاماژەی بە وازهێنانی سەعد حەریری لە پۆستەکەی کرد و پشتیوانیی کەنیسەی لوبنان و کۆمەڵگای مەسیحییەکانی پێ ڕاگەیاند.

بەشارە پترۆس راعی، لە قسەکانی ئاماژەی بەوە کرد، کە لە هۆکاری وازهێنانەکەی تێدەگات و متمانەی بە دروست بوونی بڕیارەکەی هەیە.