کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی شەهیدی کوردستان سپاسنامەیەکیان بڵاو کردەوە

15:24 - 2 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بنەماڵەی ئەبوبەکر مەعرووفی بە بڵاوکردنەوەی سپاسنامەیەک دەستخۆشییان لە خەڵکی کوردستان کرد و ڕێزیان لە خزمەتەکانیان گرت.

بنەماڵەی خوالێخۆشبوو کاک ئەبووبەکر مەعرووفی ناسراو بە شەهیدی کوردستان لەم سپاسنامەیەدا ڕوو لەخەڵکی کوردستان وتوویانە سپاس بۆ هەموو ئێوە کە بە هەموو هێز و توانا و هەستی نەتەوەییتانەوە لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی کاک ئەبووبەکردا بەشداریتان کردووە.

لە بەشێکی ئەو سپاسنامەیەدا هاتووە کە: ئێمە وەک خەڵکی بۆکان بە گشتی و بنەماڵەی شەهید ئەبوبەکر مەعرووفی بە تایبەتی، ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی خۆمان سەبارەت بە چالاکانی مەدەنی، وەرزشکاران، هونەرمەندان، ڕۆژنامەوانان، پزیشکان، ئەندازیاران، قوتابیان، خوێندکاران، بازاڕیان، مامۆستایانی ئایینی و زانکۆ و قوتابخانە و تەواوی چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردەواری دەکەین.

لە بەشی کۆتایی ئەم سپاسنامەیەشدا هاتووە: پیزانینی خۆمان ئاراستەی ئەم گەلە دەکەین؛ گەلێک کە سەلماندیان، یەکڕیزی و هاودەنگی چۆن دەبێتە هەوێنی دەرچوون لە تەنگانە و تۆماریان کرد؛ خەماوەرێک کە فێریان کردین چۆن دەکرێ لە کارەساتدا حەماسە بخوڵقێ، خەڵکێک کە لە کاتی ناشتنی مامە عەبوودا جارێکی دی ڕایانگەیاند: خاک توانای کۆچی نییە، ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەیی ئێمە لەم وڵاتەدا. کاک ئەبووبەکر مەعرووفی، بۆ گەیاندنی یارمەتی چووبووە شوێنی بوومەلەرەزەی ئەم دواییەی کرماشان و بەداخەوە بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا.