کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندوتیژی دژ به ژنان دیاردەیەکی داسەپێندراو بە سەر کورد

16:12 - 4 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانی خەبات دژ به توندوتیژی دژ به ژنانە کە بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە لە جیهان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە.

توندوتیژی دژ به ژنان لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دەبیندرێت و وەکوو دیاردەیەکی جیهانی چاوی لێ دەکرێت.

هەر کات کە باس لە توندوتیژی دژ به ژنان دەکرێت، وێنەی جەستەیەکی زامداری شین هەڵگەڕاوی ژنێک دێتە بەرچاو کە لەبەرامبەریدا پیاوێک به زەبری هێز قسەی خۆی دەسەپێنێت.

توندوتیژی دژ به ژنان ، به هەر شێوە توندوتیژییەک دەوترێ کە ببێتە هۆی خەساری جەستەیی و دەروونی لە ژنان.

توندوتیژی بە دژی ژنان، چەندین جۆری هەیە، بۆ نموونە توندوتیژی جەستەیی و جنسی، توندوتیژی له ئاخاوتن، دەستدرێژی، توندوتیژی له زیندانەکان و توندوتیژی سیاسی و ... .

لە کۆمەڵگای ئێراندا، دیاردەی توندوتیژی به دژی ژنان بەڕێژەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە و نەتەنیا ژن جێگەی تایبەتی خۆی پێنەدراوە بەڵکوو سوکایەتیشی پێ دەکرێت، ئەم ڕەوشە بە شێوەی سیستماتیک لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، داڕێژراوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەم لە بواری ئایینی و هەم لە بواری سیاسیدا، بە هیچ شێوەیەک باوەڕی به ژن و مافەکانی نییە و هەوڵ دەدات کە نەخشی ژن لە کۆمەڵگای ئێران لاواز بکات و بیسڕێتەوە.

ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانەی ڕێژیمی ئێران لە کوردستانیش به چڕی بەڕێوە دەچێت و لە جێگە و پێگەی ژنان لە نێو کولتوری گەلی کورد و کاریگەرییەکانی له نێو کۆمەڵگا دەترسێت و هەوڵ دەدات بۆ لە نێوبردنی کولتوری یەکسانی لە کوردستاندا.

لە مێژووی کورددا، ژن هاوتەریب لەگەڵ پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، نەخشی کاریگەری هەبووە و بیرۆکەی یەکسانی ژن و پیاو لە زەینیی تاکی کورددا بەبەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە زیاتر جێگیر بووە؛ بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا، کە بە شێوەی سازمانی و ڕێکخراوەیی، ڕێژیمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، دەستیان کرد به ئاسمیلاسیون لە کوردستان، دیاردەی توندوتیژی دژبه ژنان پەرەی گرتووە.

بەداخەوە هەندێک کولتوری هەڵە لە نێو کورددا بوونیان هەیە کە دەکرێ هۆکاری جێگێربوونییان بۆ نەبوونی دامەزراوەگەلی تایبەت به بووژاندنەوەی کولتور و نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ژیاندنەوەی کولتورە مرۆڤتەوەرەکان و کەم ڕەنگ کردن و لە نێو بردنی کولتورە هەڵەکان، بگەڕێنینەوە.

هەنووکە لە کۆمەڵگای کوردستان، ڕای گشتی باوەڕی به یەکسانی ژن و پیاو هەیە، بەڵام بەداخەوە دەبینین کە ڕێژیمی ئێران، بە سازکردنی کۆمەڵگایەکی نەخۆش، دیاردەی توندوتیژی به دژی ژنانی، سەپاندووە بە سەر کۆمەلگای کوردستاندا.

بەم شێوەیەش لە هەوڵدایە، تاکوو بە کاریگەرییە دەروونییەکان که بەردەوام لە سەر ژنان دەمێنێتەوە، سووکایەتی بە ژنان بکات و لە کاروبارەکانی کۆمەلگا دووریان بخاتەوە و پەسیڤیان بکات.

ئەوەیکە ڕوونە کاریگەرییە دەروونییەکان لە سەر ژنان، خەسار وە هەموو جمگەکانی کۆمەڵگا دەگەیەنێت و داهاتووی کۆمەڵگا بەرەو داڕمان دەبات کە ئەم پرسە کاریگەری لەسەر نەسڵەکانی داهاتوو دادەنێت و دەبێتە هۆکارێک لەمەڕ بارهاتنی نەسلێک بە پەروەردەی لاواز و ناکامڵ کە بنەماکانی ژیار و شارستانییەت لە نێو دەبەن.

لە لایەکی دیکەوە، گوشارە مەزهەبییەکان و شێوەی ڕوانینی مەزهەبەکان بۆ ژن، زۆرجار ڕێگە دەدات به توندوتیژی به دژی ژنان و ئاستی ژن لە پیاو به کەمتر دەزانن.

ڕێژیمی ئێرانیش به کەڵک وەرگرتن لەم خاڵە لاوازه ئایینیانه، پاساو بۆ سوکایەتی کردن به ژنان و ڕێگە خۆش کردن بۆ توندوتیژی کردن بەرانبەریان دەهێنێتەوە.

وەک لە کۆمەلگای ئەمڕۆی ئێراندا دەیبینین سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیم و کولتورە هەڵەکان وەکوو دوو ڕووی دراوێک کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی دیاردە قێزەونەکانی وەک خۆکوشتن و تەڵاق و لەشفروشی دادەنێن.

ڕۆژی ٢٥ نوامبر بۆ ئێمەی کورد لەو ڕووەوە گرینگ و پربایەخە کە دەتوانێ دەرفەتێکی لەبار بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتە دژەمرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلە ستەملێکراوەکەمان.