کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران؛ بەسیج وەکوو سەرباشقە بۆ ناوچەکە دەنێرێت

16:20 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: فەرماندە گشتی سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەسیجییەکان، باسی لە هەبوونی میلیشیا هاوشێوەکانی بەسیج لە سووریە و عێراق کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، محەممەدعەلی جەعفەری لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەسیجییەکاندا، ئاماژەی بە هەبوونی چەندین هێزی چەکدار لە شەڕی نێوخۆیی سووریە و عێراق کردووە و وتوویەتی: لە ئێستەدا بەسیج وەکوو سەرباشقە بۆ هێندێ لە وڵاتانی ناوچەکە هەناردە دەکرێت و بە خێرایەکی بەرچاو بۆ وڵاتانی دیکەش دگوازرێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی وتوویەتی: بەمجۆرە یەکێکی دیکە لە فەرمانەکانی خومەینی واتە پێکهێنانی بەسیجی جیهانی ئیسلام جێبەجێ دەکرێت.

جەعفەری ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئامانجی ئەم هێزە میلیشیایانەی ناوچەکە بەربەرەکانی ئیدئۆلۆژیی بەرفراوان لەگەڵ دوژمنان بەتایبەت ئامریکایە و وتوویەتی: لە داهاتوودا دەوری گرنگ و بەربڵاوی بەسیجی جیهانی ئیسلام دەبینرێت.

فەرماندەی سپای پاسداران، یەکەمین گرووپی میلیشیای بەسیجی لەژێر ناوی فاتحینی وەکوو یەکێک لە دەسکەوتەکانی سپای تارانی گەورە لە قەڵەم دا، کە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران واتە عێراق و سووریە نێردراون و لەژێر فەرماندەیی سپای پاسداران بەناوی بەرەی بەرگری کاری تێرۆریستی دەکەن.

ناوبراو ڕووی لە ڕۆحانی کرد و وتی: بەبێ بەسیج کێشەکان چارەسەر ناکرێت و ئیددعای ئەوی کرد کە کێشە ئابووری، سیاسی و فەرهەنگییەکان لە ڕێگای بەسیجەوە چارەسەر دەکرێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کرد کە لە کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، بەسیج لە یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، لە حاڵێکدا بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان بەسیجی و سپاییەکان نە تەنیا یارمەتی خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشانیان نەداوە بەڵکوو دەستیان بەسەر یارمەتییەکانی خەڵکیشدا گرتووە.