کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەوەندەر قەندی تاڵ بۆ وەرزێرانی کوردستان

14:56 - 12 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: وەرنەگرتن و پێش بە چوونەدەرەوەی چەوەندەر بۆ شارەکانی دیکە و نەکڕینی تەواوی بەرهەمی چەوەندەرکاران و هەروەها نەدان و بە دواخستنی بڕی پارەی چەوەندەرە فرۆشراوەکان، بووەتە کێشە بۆ وەرزێرانی بەرهەمهێنەر.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێژیمی ئێران لە دوایین کەمتەرخەمییەکانی خۆیدا نیسبەت بە توێژی وەرزێری کوردستان، بەرهەمی چەوەندەرکاران وەرناگرێت و بەرهەمی ئەمساڵی وەرزێران مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، هەروەها ئەوەش لە کاتێک دایە کە ڕێژیم پارەی گەنمکاران نادات و سێوی باخداران بازاڕی فرۆشتنی نییه.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە شارەکانی ورمێ بەتایبەت شنۆ، پیرانشار و نەغەدە بەرهەمی چەوەندەرکاران وەرناگرن، وەرزێرانی ئەو شارانە ڕایانگەیاندووە، کە کاربەدەستانی ڕێژیم کۆپن بە چەوەندەرکاران نادەن تا بەرهەمەکانی خۆیان ڕادەستی کارخانەکانی قەند بکەن.

وەرزێرانی ئەو شارانە ڕایانگەیاندووە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بڕیارێکدا پەسەندیان کردووە، کە نابێ بەرهەمی چەوەندەرکاران لە شارەکانی خۆیان بچێتە دەرەوە و بۆ شارەکانی دەرەوەی کوردستانی ڕەوانە بکەن و لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیم هیچ جێگۆڕێک و بەرنامەیەکیان بۆ وەرگرتنی چەوەندەر نییه و بەرهەمی ئەمساڵ لەسەر دەستی وەرزێراندا ماوەتەوە.

بە سەرنجدان بە دۆخی کەشوهەوای پارێزگاکان، ساڵانە بەشێکی گرینگ لە بەرهەمە جووتیاری و ئاژەڵدارییەکان لەناو دەچن کە بە هۆی بیمە نەکردنیان بە گرینگترین دەڵەڕواکێی جووتیاران دێتە ئەژمار.

ئەم کێشە و گرفتانە بەردەوام لە نێوان چەوەندەرکارانی کورد بووەتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵام کێشەی وەرزێرانی کورد بەتایبەت چەوەندەرکاران هێشتا چارەسەر نەکراوە.