کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان بەرانبەر بە ناساندنی قودس وەکوو پێتەختی ئیسرائیل

14:59 - 16 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بڕیاری سەرکۆماری ئامریکا بۆ بەفەرمی ناساندنی قودس وەکوو پیتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تلاویو بۆ قۆدس کۆمەڵێک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

سەرکۆماری ئامریکا، دانڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە، قودسی وەکوو پێتەختی ئیسرائیل بە فەرمی ناساند و بە ئاماژە دان بە پەسەندکراوی کۆنگرەی وڵاتەکەی لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی، بە نیسبەت گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تلاویو بۆ قودس، جەختی کردووەتەوە کە کاتی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە هاتووە.

بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا بۆ قۆدس، یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی و لە کۆنگرەی ئامریکا دراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا سەرەڕای ئەوەیکە سەرکۆمارەکانی پێشووتری ئامریکا لە کاتی پڕۆپاگەندای هەڵبژاردنەکانیان بەڵێنی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارەیان دابوو، بەڵام پاش چوونە ناو کۆشکی سپی، بە بیانووی هەستیاربوونی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باندۆڕی ئەو بڕیارە بۆ سەر تەناهی نەتەوەیی ئامریکا، لە جێبەجێ کردنی ئەو پەسندکراوەی کۆنگرە، خۆیان بواردووە.

دانڵد ترامپ فەرمەن بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتەی لە تلاویو بۆ قودس واژۆ کرد و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاسپارد هتتا دەست بەجی ئەو کارە ئەنجام بدەن.

تەنیا چەند چرکه پاش وتەکانی سەرکۆماری ئامریکا بۆ بەفەرمی ناسینی قودس وەک پێتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا بۆ ئەو شارە، ئانتۆنیۆ گوترش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا وتی: لە یەکەمین ساتەکانی وەئەستۆگرتنی پۆستی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتی خۆمم بە نیسبەت هەر جۆرە هەولێکی تاکڕەوانە کە پرسی ئاشتی نێوان فەلستین و ئیسرائیل بخاتە مەترسیەوە، دەربڕیوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نتانیاهۆ ویڕای سپاس و پێزانین بۆ بڕیارە ئازایانەکەی سەرکۆماری ئامریکا وتی کە ئەم بڕیارە هیچ ئاڵوگۆڕێک بە نیسبەت باروودۆخی شوێنە پیرۆزەکانی قودس داناهنیێت.

بزوتنەوەی حەماس کە لێوارەکانی غەزەی لە کۆنترۆڵ دایە، لە بەرانبەر ئەو وتانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتوویە کە، ئەو بڕیارەی ئامریکا وەکوو کردنەوی دەرگای جەهەندەمە بە ڕووی بەرژەوەندیەکانی ئامریکا لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست.

دانڵد ترامپ لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە حاڵێکدا ئەو بڕیارەی دەر کردووە کە لە ڕۆژانی پێشووتر زۆرێک لە ڕێبەران و کەسایەتییەکانی جیهانی بە نیسبەت لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە هۆشداریان بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا دابوو و لێشاوی دژکردەوە لە لایەن زۆرێک لە ڕێبەران و کەسایەتیەکانی جیهانی بەرەو ئامریکا وەڕی کەوتبوو.

سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، ترێزا مەی، گوتبووی کە دەیهەوێ بە نیسبەت ئەو بڕیارەوە لەگەڵ دانڵد ترامپ قسە بکات و جەختی کردبوەوە کە بارودوخی قودس دەبێ لە ڕەوتی دانیشتنەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلستین بۆ ئاشتی نێوانیان، دیاری بکریت و ببڕدرێتەوە.

چین هۆشداری ڕایگەیاندبوو ئەو بڕیارە لە سەر زیادبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەری دەبێت.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی، گوتبووی کە ئەوە لە نەتوانینی دوژمنان دایە کە دەیانهەوێ قودس وەکوو پێتەختی ئیسرائیل بناسێنن، ئەوان بە نیسبەت پرسی فەلستین دەستیان کورتە و ناتوانن ئامانجەکانیان ببەنە پێشەوە.

وڵاتانی عەرەبیش دژایەتی خۆیان ڕاگەیاندبوو و پاشای عەرەبستان، مەلەک سەڵمان، لە پیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرکۆماری ئامریکا دژایەتی و نیگەرانی خۆی ڕاگەیاندبوو و گوتبووی کە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی کاردانەوەی موسڵمانەکان و بەهێزتربوونی توندڕەوی لە ناوچەکەدا.

ئیمانۆئێل ماکڕۆن گوتبووی، لەوەی کە ئامریکا یەک لایەنە دەیهەوێ قودس وەکوو پێتەختی ئیسرائیل بناسێنێت نیگەرانە و ئەو بڕیارە دەبێ لە دانیشتنەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلستین بدرێت.

مەحمود عەباس، هۆشداری دابوو کە وەها بڕیارێک ڕەوتی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلستین تێک دەدات.

سەرکۆماری تورکیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتبووی کە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا بۆ قودس هێڵی سوورە بۆ موسوڵمانانی جیهان و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی بە ترامپی گوتبوو کە بارودۆخی ناوچەکە خراپتر نەکات.

لە بەرانبەر ئەم دژکردەوانەدا، بەرپرسانی دەوڵەتی ئیسرائیل پێشوازیان لەو بڕیارەی دانڵد ترامپ کردووە و ڕایانگەیاندووە کە خۆیان بۆ هەر پیشهاتەیەک لەو بارەوە ئامادە کردووە.