کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕانەوەی شاندی وتووێژکاری رێژیمی بەشارئەسەد بۆ وتووێژەکانی ژنێڤ

15:35 - 20 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: لەژێر گوشارەکانی ڕووسیەدا، شاندی حکوومەتی بەشارئەسەد بۆ وتووێژەکانی ژنێڤی ٨ گەڕانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاند، کە شاندی وتووێژکاری ئەو حکوومەتە بە بەرپرسایەتی بەشار ئەلجەعفەری، نوێنەری هەمیشەیی سووریە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ بەشداربوون لە وتووێژەکان، گەیشتوونەتە شاری ژنێڤ.

وتووێژەکانی ژنێڤ ٨ بۆ ئاشتی سووریە، لە کۆتاییەکانی مانگی پێشوو، بە بەشداریی هەر دوو شاندی حکوومەتی بەشارئەسەد و دژبەرانی، لە ژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی دێمیستۆرا، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سووریە، دەستی پێکرد؛ بەڵام شاندی حکوومەتی بەشارئەسەد پاش سێ ڕۆژ وتووێژەکانی بەجێ هێشت.

بەشار ئەلجەعفەری، هۆکاری جێهێشتنی وتووێژەکانی ژنێڤی بۆ پێداگری شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لەسەر وازهێنانی بەشارئەسەد لە پۆستەکەی گەڕاندەوە.

شاندی نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی سووریە، لەژێر گوشار و داوای ئورووپا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا، پێداگرییەکەیان لە سەر وازهێنانی بەشارئەسەد لە پۆستەکەی بە شێوەی کاتیی هەڵپساردووە.

نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری بە حکوومەتی سووریە دابوو، کە نەگەڕانەوەی بۆ درێژەدان بە وتووێژەکانی ژنێڤی ٨، ئاکامی خراپی بۆ ئەو حکوومەتە دەبێت.

ڕێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە پرێس کۆنفڕاسێکدا وتبووی: بۆ ئەوەی مۆسکۆ نیازپاکی خۆی لەهەمبەر چارەسەریی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پیشان بدات، با هەوڵ بدات حکوومەتی بەشارئەسەد بۆ وتووێژەکانی ژنێڤ بگەڕێنێتەوە.