کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە سەرکوتکەرەکان لە ئێران زیاد دەکرێن

15:39 - 20 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بە مەبەستی سەرکوت کردنی هەرچی زیاتری هەر نائارامییەک لە ئێران، بڕیار بۆ دروست کردنی گەشتی تایبەت لە تاران و چەند پارێزگای دیکەی ئێران درا.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ئاشکرایان کرد، بە هاوئاهەنگی لە نێوان سپای پاسداران، بەسیج و هێزی بەناو ئینتزامی، لەژێر ناوی پاراستنی خەڵک و خەبات لەدژی ئەرازل و ئەوباش و پێشگیری لە دزی کردن، گەشتی تایبەت دادەمەزرێت.

محەممەدڕەزا یەزدی، فەرماندەی سپای پاسداران لە پارێزگای تاران، ڕایگەیاندووە: بەو هۆیەوە کە بوومەلەرزەی کۆمەڵایەتی لە ئێران بەگشتی و تاران بەتایبەتی بەڕێوەیە، پێویستە هێزێک هەبێت کە بتوانێ ڕووبەڕووی ببێتەوە.

کارناسان و چالاکانی سیاسیی و مەدەنی لە ئێران پێیان وایە ئەمە هەوڵێکی نوێی ڕێژیمە لەمەڕ زیادکردنی گوشار بۆ سەر چالاکانی سیاسیی، خوێندکاری، مەدەنی، فەرهەنگیی و ژینگەپارێزان؛ ئەمەش بەو هۆیەوە کە هیچ پێناسەیەک بۆ ئەرازل و ئەوباش نەکراوە و ئەمجۆرە هێزانەی سەر بە سپا و بەسیج دەستیان ئاوەڵایە کە خەڵکی ناڕازی یان ڕەخنەگران سەرکوت بکەن.

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، ڕێژیم بەردەوام لە هەوڵی سازکردنی دەستەگەلی لەم چەشنە بووە، تاکوو ساناتر بتوانێ ناڕازییانی سیاسیی سەرکوت بکات، کە بەرچاوترینیان کۆمیتەچی و مۆنکەراتییەکان لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی بوون.