کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزه سەرچاوە ئاوییەکانی ٧ شاری کرماشانی لەنێو بردووە

15:35 - 23 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، له کرماشان ڕایانگەیاندووە، که بوومەلەرزه بووەتە هۆی لەنێوچوونی سەرچاوە ئاوییەکانی حەوت شار.

عەلیڕەزا تەختشاهی، بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی ئابفاـی پارێزگای کرماشان، له دانیشتێک لەگەڵ وەزیری وزە که سەردانی ناوچه بوومەلەرزە لێدراوەکان کردووە، وتوویە: لەو بوومەلەرزەیە، حەوت شار سەرچاوە ئاوییەکانیان له‌نێو چووە.

بەپێی وتەکانی تەختشاهی، خەسارێکی زۆر وەبەر بەشی ئاو و ئاوەڕووی ناوچه بوومەلەرزەلێدراوەکان کەوتووە و بەپێی بەراوردەکان زۆرتر له ٢٦٠ میلیارد تمەن خەساری ماڵی هەبووە.

بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی ئابفاـی پارێزگای کرماشان، باسی لەوە کردووە، که پچڕانی کارەبای پاڵاوگەی ئاوی ئەو شارە، که ٥٠ لەسەدی ئاوی کرماشان دابین دەکات، سیستمی ئاوی تووشی کێشە کردووە، هەروەها شکانی لوولەکانی گواستنەوەی ئاوی بیرەکانی ناودەروەن لەنێوچوونی ٢٨ بیری ئاو، شکانی لوولەکانی گواستنەوەی ئاوی شاری شائاباد، شکانی ڕایەڵی دابەش کردنی ئاو لە حەوت ناوچەی شاری کرند، بەشێک له خەسارە گەورەکان به سیستمی دابەش کردنی ئاوی کرماشان بووە.

له شارەکانی قەسرشیرین، سەرپێڵی‌زەهاو، گێڵان و هەرسینیش سیستمی دابەش کردنی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان به تەواوەتی خەساریان دیوە، لەم شارانه که سەرچاوە ئاوییەکان، کانی و تراویلکەکانن؛ به هۆی بوومەلەرزەکەوە لێڵ بوونە و بۆ خواردنەوە نابن.

نەبوونی سەرچاوەیەکی دیکە و نەبوونی دەرفەت بۆ گواستنەوەی ڕایەڵی ئاوی ئەو شارانه، بووەتە کێشە بۆ حەوت شاری کرماشان.

له سەردانەکەی وەزیری وزه بۆ کرماشان، هیچ ڕێگەچارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئاوی ئەو شارانه دیاری نەکراوە و گرنگیان به کێشەکانی خەڵک نەداوە و هیچ بوودجەیەکی تایبەتیان تەرخان نەکردووە.

ئەمە لە حاڵێک دایە که ڕێژیمی ئێران، بۆ دابین کردنی ئاوی ناوچه فارس‌نشینەکان بوودجەی تایبەتی بۆ گواستنەوەی ئاو لە سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەی زاگرۆس تەرخان کردووە و بیاوانەکان به ئاوی زاگرۆس ئاوەدان دەکەنەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە دوای تێپەڕبوونی مانگێک به سەر کارەساتی بوومەلەرزه لە کرماشان، هێشتا خەڵکی ئەو ناوچانه له ئاوی خاوێن بێبەشن و به بەرمیل و تانکر ئاویان بۆ دەبەن، که ئەوەش بەتەواوەتی خاوێن نییە و لە کاتی خۆی دابەش ناکرێت.