کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گران بوونی بەنزین و گازوئیل لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە فەرمی ڕاگەیەندرا

22:33 - 29 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ قەرەبوو کردنی کەمیی بوودجەی ساڵی ٩٧، نرخی بەنزین و گازۆئیلی گرانتر کردووە.

ئەگەرچی هێندێ لە بەرپرسانی ڕێژیم نکۆڵی لە گران بوونی بەنزین و گازۆئیل دەکەن، بەڵام لە ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ناوەندی هەواڵدەریی ڕێژیمی ئێران، بە فەرمی ڕایگەیاند، کە بەپێی بوودجەی ١٣٩٧، نرخی بەنزین بۆ ١٥٠٠ و گازۆئیل بۆ ٤٠٠ تمەن گرانتر دەبن.

ئەم ناوندە هۆکاری گران بوونی بەنزین و گازۆئیلی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ڕێژیم دەیەوێت لە ڕێگای گران بوونی بەنزین و گازۆئیل قەیرانی بێکاری لە ئێران بنەبڕ بکات.

بە هۆی گران بوونی نرخی بەنزین و گازۆئیل، ڕێژیمی ئێران لە ساڵی داهاتوودا، ١٧ هەزار میلیارد داهاتی دەبێت و بەپێی وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، لەم ڕێگایەوە دەیانەوێت بێکاری ڕیشەکێش بکەن.

ئەم ئیددعایەی بەرپرسانی ڕێژیم لە حاڵێک دایە، کە بەشێک لە کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن، کە گران بوونی بەنزین و گازۆئیل لە لایەک هەڵاوسانی ئابووریی و لە لایەک دیکەشەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کار و بازاڕی لێ دەکەوێتەوە.