کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی شەوی چله له کرماشان بەڕێوه چوو

21:20 - 3 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: له درێژه‌ی چالاکیی فەرهەنگی له شارە جۆراوجۆرەکانی کرماشان، به کۆ بوونەوەی ئەدەبدۆستانی کوردستان له کرماشان، جێژنی شەوی یەڵدا بەڕێوه چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەری کوردستان میدیا، هاوکات لەگەڵ تەواو بوونی وەرزی پاییز و هاتنی وەرزی زستان، چالاکوانانی کورد له کرماشان به بەڕێوەبردنی ڕێورەسمێکی تایبەت، ساتێکی هونەری و پڕ له شادیان تێپەڕاند.

لەم ڕێوڕەسمه که چالاکوانانی کولتووری شارەکانی سنه، ئیلام و لوڕستانیش بانگهێشت کرا بوون، چه‌ندین پارچه شێعر و پەخشان له لایەن دڵسۆزانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی پێشکەشی بەشداربووان کرا.

لەم کۆبوونەوه مامۆستا ئارەش ئەفزەلی، عەلی قوبادی ناسراو به زانا، موجتەبا کارخاهی و شاعێری مێرمنداڵ گەڵاڕێز ئەفزەلی له چالاکان و فەرهەنگدۆستانی کورد بوون که شێعریان پێشکەش کرد.

له درێژه‌ی ئەو ڕێورەسمه‌دا، هونەرمەندان هدایەت قادری و شاکار مورادیانچەند گۆرانیان پێشکەش کرد که لەگەڵ هەڵپەرکێ و شایی بەشداربووان هاوکات بوو.

جێگەی ئاماژەیه که شێوازی پێشکەشکاری و هونەرمەندانه‌ی ئەردەشیر مووسەوی و سەمیرا زەمانی مونفەرد له هەر چی جوانتر بەڕێو چوونی مەراسمەکە کاریگەریان بوو و توانیان له ماوەی سێ کاتژمێر به باشی ئەو رێوڕەسمه بەڕێوه ببەن.

ئەم ڕێوڕەسمه‌ به گۆرانی و هەڵپەرکێ تەواو بوو و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کورد له چوار پارێزگای کرماشان، سنه، ئیلام و لوڕستان شەوێکی جوانیان بەسەر برد.