کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە فەرمی هەڕەشەی کوشتنی کرد

01:25 - 10 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی خۆپیشاندانەکان لە ئێران بەرپرسانی ڕێژیم سیمای ڕاستەقینەی خۆیان دەرخست و بە فەرمی ڕایانگەیاند خەڵک دەکوژن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان خەڵک لە سەرانسەری ئێراندا دژی ڕێژیم هەستاونەتەوە و خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و ڕێژیم دەستەوەستان بووە و خەڵک داوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن فەزای کوردستان بە شێوەیەکی زۆر چڕ ئەمنییەتی کراوە و ڕێژیم کۆبوونەوەی بۆ هەموو بەرپرسان و بەکرێگیراوانی خۆی گرتووە کە لە ئەگەری خۆپیشاندانەکان بە توندی خەڵک سەرکوت بکەن.

لەو پێوەندییەدا محەممەد ئیبراهیم ئیلاهیتەبار، جێگری ئەمنییەتی و سیاسی پارێزگاری ڕێژیم لە کرماشان ڕایگەیاندووە: ئەگەر داواکارییەکانی خەڵک ببێتە هۆی دژایەتی لەگەڵ پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی، بە دڵنیاییەوە هێزە ئەمنیییەکان و پۆلیس کە بەرپرسی پاراستنی هێمنی و ئاسایشی خەڵک و کۆمەڵگان بەرەنگاریان دەبنەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە: پێویستە بۆ گەشەی هەمەلایەنە و بەهێزبوونی ئابووری، خەڵک هێمنی و سەقامگیری بپارێزن.
ئیبراهیم ئیلاهیتەبار جەختی کردووەتەوە کە ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەم دواییانە هیچ کەس تێیدا براوە نابێت.

ناڕەزایەتییەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی هەیە و خۆپیشاندەرانیش کوژراو و بریندار بوونە.