کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو پشتیوانی خۆی لە خۆپیشاندەران دەربڕی

00:36 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا ڕوو لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران پشتگیری تەواوی خۆی بۆ داخوازییەکانیان دەربڕی.

بێنیامین نێتانیاهوو لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: قسەکانی ڕوحانی کە وتوویەتی ئیسرائیل هاندەر و دنەدەری خەڵکی ڕاپەڕیو بووە نەتەنیا درۆیە بەڵکوو گاڵتەئامێزە.

ناوبراو لەم پەیامەدا دەڵێ: من وەک ڕوحانی سووکایەتی بە خەڵکی ئێران ناکەم؛ ئەوان شیاوی ژیانی باشن؛ ئەوان بەدوای ئازادی و دادپەروەرییەوەن؛ بەدوای ئەو مافە بنەڕەتییانەوەن کە چەندین دەیەیە لێیان زەوت کراوە.

بە وتەی نێتانیاهوو ڕێژیمی ستەمکاری ئێران دەیان میلیارد دۆلار پارەی خەڵکی ئێرانی بۆ پەرەدان بە قین و ئاژاوە سەرف کردووە، لە حاڵێکدا دەیانتوانی ئەو پارە بۆ سازکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە لە ئێراندا سەرف بکەن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وتوویەتی: بەداخەوە بۆ زۆریک لە دەوڵەتە ئۆروپاییەکان کە لە ئاست ئەم سەرکووتانەدا بێدەنگن و تەنیا بینەر و چاولێکەری سەرکوت کردنی لاوانن لە شەقامەکاندا بەڵام من بێدەنگ نابم.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا وتوویەتی: ئەم ڕێژیمە بە تەواوی مانا هەوڵ دەدات لە نێوان ئێمە و خەڵکی ئێران دوژمنایەتی درووست بکات بەڵام سەرکەوتوو نابێت و من دڵنیام کە لە کۆتاییدا ئەو رێژیمە دەڕووخێت و ئێمە دەبینەوە بە هاوڕێ نیزیکەکانی جاران.