کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم و میلیتاریزە کردنی کوردستان

21:33 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران له ترسی ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەستی ئازادیخوازیی کورد هەموو شارەکانی کوردستانی میلیتاریزه کردووە.

بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان به ماڵپەری کوردستان میدیا و گرتە ویدئۆییەکان، ڕێژیمی ئیسلامی هەموو هێزە سەرکوتکەرەکانی له ئامادەباشیی داناوە و له سەرانسەری ڕۆژهەڵاتدا بۆ کوشتن و بڕینی خەڵک بڵاویان کردووە.

ڕێژیمی ئێران له ناوەندی شارەکانی ڕۆژهەڵات، له شەقام و مەیدانە سەرەکییەکان به کەڵک وەرگرتن له سپای تێرۆریستی پاسداران، بەسیج، ئەرتەش، هێزە ئینتزامییەکان که به ئامرازی سەرکوت و تەقەمەنی پڕچەک کراون و دەستیان به سەرکوتی خەڵک و پاراستنی دەسەڵاتی ناڕەوای ڕێژیمی ئێران کردووە.

تەنانەت له هەندێ شار وەکوو ئیلام، ڕێژیم هێزە سنوورییەکانی بۆ سەرکوت کردن هێناوەتە نێو شارەکان، هەروەها به کەڵک وەرگرتن له چەقۆکێش و داردەستەکان و پارێزەرانی حەرەم له دەرەوەی ئێران به شێوەیەکی زۆر دڕندانە خەڵک سەرکوت دەکەن.

هەروەها ڕێژیم له ترسی لەدەست دانی دەمودەزگا ئیدارییەکان و بنکه نیزامییەکانی، له دەوروبەری هەموو ئەو بینایانە، هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی داناوە و لە گرتە ویدئۆییەکدا پیشان دەدرێت کە له کرماشان، دەوروبەری بینای نوێنەری خامنەیی به سەدان چەکدار دەپارێزرێت.

لە شاری سنە، هەموو شەقامه سەرەکییەکان به هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم پڕ کراون و به بەردەوامی لە سەرانسەری شار سەرکوتکەرانی ڕێژیم به ماشین گەشت لێ دەدەن، هەروەها لە شاری ورمێ هاوشێوەی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، هەموو هێزەکانی ڕێژیم له ئامادەباشی دان و له نێو شار بڵاوە کراون.

ئەمە لە حاڵێک دایە که ئەم کردەوانە، ترسی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران نیشان دەدات و کوشتن و بڕینی خەڵک و دەسبەسەر کردنیان بە شێوەیەکی توندئاژۆوانە، نامرۆڤانە بوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نیشان دەدات.

بەڵام خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵات له چوارچێوەی بەرگری کردن له خۆیان وڵامی هێرشی چەکدارەکانی ڕێژیمیان داوەتەوە و به سووتاندنی بنکەکانی بەسیج و گەمارۆدانی هێزە سەرکوتکەرەکان لە هەمبەر تەقەی ڕاستەوخۆی نامرۆڤانەی داردەستەکانی ڕێژیم ڕاوەستان.

خەڵکی کورد سەلماندیان که هیچ هێزێکی زۆر و چەکێکی پێشکەوتوو ناتوانێت لە بەرانبەریان ڕاوەستێ و بە چۆکیان دابێنێت.