کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەکانی سپای پاسداران بە ترسەوە باس لە ڕووخانی ڕێژیم دەکەن

15:25 - 15 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، بە ترسەوە باس لە درێژەکێشان و ئاکامی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام دەکرێت.

بەپێی فایلێکی دەنگیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، فەرماندەیەکی سپای پاسداران، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیی سپادا، بە ئاشکرا ترسی خۆی بە نیسبەت درێژەکێشانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەربڕیوە.

ئەو فەرماندەیە لەو کۆبوونەوەیەدا دەڵێت: حاجی تەوەکولی ئاگادارە و حەوتووی ڕابردووش لە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەدا، کە لە پایگای ئیمام عەلی بەڕێوە چوو و هەروەها لە دانیشتنە تایبەتەکانیشدا بە هاوڕێیانم وتووە: کە خەڵک هاتنە سەر شەقام و بەردەوام بوون، ئەگەر توانیمان بەخێرایی سەرکوتیان بکەین باشە، بەڵام ئەگەر نەمانتوانی، چرکە بە چرکە و ڕۆژ بە ڕۆژ جەماوەریان ڕوو لە زیادبوون دەکات، ئەو کاتە ئیتر ناتوانین کونتڕۆڵیان بکەین و خوا دەزانێ چی ڕوو دەدات.

ناوبراو هەروەها وتوویە، ئەگەر پێگەی کۆماری ئیسلامی لاواز بێت، دڵنیابن کە هیچ ئاسەوارێک لە هیچ کامێکمان نامێنێت و نە خۆمان و نە بنەماڵەکانمان کەمترین ئەمنییەتمان لەم وڵاتە نابێت و ئەو کاتە هیچ ڕێگایەکمان نییە و هیچ شوێنێکیشمان نییە کە پەنای بۆ ببەین.

هەر لەم پێوەندییەدا، جێگری فەرماندەی قەرارگای ساروڵڵا، ئیسماعیل کەوسەری، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بە زمانێکی هەڕەشەئامێزەوە وتبووی: ئیزن نادەین ئەو ناڕەزایەتییانە درێژە بکێشن و بڕیاری کۆتایی خۆمان دەدەین و سەرکوتی یەکجارەکیی دەست پێ دەکەین.