کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاشەکانی مەریوان کراونەتە قەڵغانی بانکەکان

16:17 - 15 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری مەریوان لە ترسی ناڕەزایەتی دەربڕین، کەڵکیان لە جاش و بەکرێگیراوەکان وەرگرتووە بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ئەم شارە و وەکوو قەڵغانێکی مرۆیی لە بەرامبەر بە ناو پاراستنی کەرەستەی گشتی بەکاریان دێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی رابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بۆ پاراستنی بانکەکان کەڵکیان لە جاش و بەکرێگیراوەکانی شاری مەریوان وەرگرتووە لە ترسی شکاندنی شووشەی بانکەکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: هێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە جاشەکانی شاری مەریوان بە بیانووی پاراستنی بانکەکان لە ترسی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو شارەیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت، هێندێک لە جاشەکان نەتەنیا بەو کارە ڕازیی نین، بەڵکوو لەلایەن ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم لەو شارە بەزۆر هێنراون بۆ سەرکوتی خەڵک، بەڵام بە بیانووی پاراستنی بانکەکان.

لە چەند ڕۆژی رابردوودا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردبوویەوە کە، هاووڵاتییانی شارەکانی بانە، سەردەشت و پیرانشار لە ترسی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران، وشکەپارەکانیان لە بانکەکانی ئەو سێ شارەدا وەرگرتووەتەوە.

ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم لە کوردستان وەکوو، سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات کە دوو جمکی سەرەکی دەسەڵاتن لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بیانووی جۆراوجۆر، هاووڵاتییانی کوردستان سەرکوت دەکەن بە بیانووی پاراستنی کەرەستەی گشتی.