کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: پێشمەرگەی شار ئامادەی ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانەن کە حیزب پێیان دەسپێرێ

20:18 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە میانەی دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، باسی لە هەڵوێستی فەرمی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران کرد.

شەوی ١٦ی بەفرانبار بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزب لە میانەی دیدارێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداودا، ئاوڕی لە دواڕووداوەکانی ئێران دایەوە و وێڕای بە ڕاپەڕین ناساندنی ئەم خۆپیشاندانانە، باسی لە نەخش و دەوری خەڵک و پێشمەرگەکانی شار سەر بە حیزبی دێموکرات کرد.

بەڕێز هیجری لە قسەکانیدا وتی: ئێمە هیوادارین کە ڕاپەڕینی خەڵک لە ئێران درێژەی هەبێ و کۆتاییەکەی ببێتە هۆی ئازادبوونی خەڵکی ئێران لە چنگ ڕێژیم؛ ئەو کاتە ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ نێوخۆی ئێران و درێژە بە خەباتی خۆمان بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلەکەمان دەدەین.

سکرتێری گشتیی حیزب هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێمە لە دوو ساڵ لەمەوپێشەوە قۆناغێکی نوێ لە خەباتمان دەست پێکرد کە لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە ناوی نرا ڕاسانی ڕۆژهەڵات کە ئامانجە سەرەکییەکەی گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخە؛ ئەوەیکە ئێستا لە ئێران ڕوو دەدات خەباتێکە کە چەقەکەی شارە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: ئەگەر خەڵکی ڕاپەڕیو لە بەرانبەر سەرکووتەکانی ڕێژیمدا بمێننەوە و خۆڕاگری بنوێنن ئەوا ڕاپەڕینەکە درێژەی دەبێت و لە کۆتاییدا ئەنجامی دەبێ.

سەبارەت بە ئەگەری بوونی ڕێکخستنێک بۆ هاندانی خەڵک بەڕێز هیجری وتی: من پێم وایە ئەم سەرهەڵدان و ڕاپەڕینە، ڕێکخستنی بۆ نەکراوە یان ئەگەر کرابێت زۆر لاوازە؛ ئەوەیکە هەیە زیاتر ناڕەزایەتی دەربڕینێکی خۆڕسکی خەڵکییە کە یەکی گرتۆتەوە و هەموویان لە دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان ڕژاونەتە سەر شەقام؛ من پێم وایە ئەگەر درێژەی هەبێ ڕێبەرایەتی خۆی درووست دەکات و گرینگیش هەر ئەو ڕێبەرایەتیەیە کە خەڵک لە نێوخۆ بۆخۆی درووستی دەکات.

لە درێژەی باسەکەیاندا سکرتێری گشتیی حیزب، باسی لە پێشمەرگەکانی شار کرد و وتی: پێشمەرگەی شار بریتین لەو پێشمەرگانەی کە لە شانە نهێنییەکاندا سازمان دراون و هەر کاتێک کە حیزب بە پێویستی بزانێ ئەرکیان پێدەسپێرێ.

بەرێز هیجری هەروەها باسی لە کۆمەڵێک هەوڵی جیددی لەلایەن حیزبەوە کرد بۆ لێک نیزیک بوونەوە لە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان و وتی: ئێمە بەردەوام دەبین لەم هەوڵەمان تاکوو بتوانین بەرنامەیەکی هاوبەشمان هەبێ بۆ کارکردن لە نێوخۆی وڵاتدا.

سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وتی: کوردستان زیاتر لە بەشەکانی دیکەی ئێران ئامادەی ڕاپەڕینە.