کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێنانی زۆرەملێی خەڵکی شاری مەهاباد بۆ ڕێپێوان

20:34 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: فەرمانداری شاری مەهاباد بە کورتەنامە، شۆراکانی شار و گوندەکانی ئەو شارەی ئاگادار کردووەتەوە، کە وەکوو بەرپرچدانەوەیەک بە دژی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی حەوتووی ڕابردوو، بۆ بەشداریی خەڵک لە ڕێپێوانی ڕێژیم، هانیان بدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، فەرمانداری شاری مەهاباد بۆ هێنانی خەڵک بە مەبەستی بەشدارییان لە ڕێپێوانی ڕێژیم، دەستەوداوێنی شۆراکانی شار و گوند بووە.

ئیرج سادقی فەرمانداری شاری مەهاباد، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بە ناردنی کورتەنامە، داوای لە شۆراکانی شار و گوندی مەهاباد کردووە، کە خەڵکی هان بدەن، ئەمڕۆ کاتژمێر ٩:٣٠ سەرلەبەیانی بێن بۆ ڕێپێوان بە دژی خەڵکی ناڕازیی لە ئێران و کوردستاندا، مەبەستی ناوبراو لە خەڵکی ناڕازی ئەو کەسانەن کە بە بۆنەی گرانی و بێکاری لە حەوتووی ڕابردوودا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان وتووەتەوە.

بەپێی وێنە بڵاوکراوەکان و ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەتا ئێستە خەڵک بە دەم بانگەوازی فەرماندار و شۆرای شار و گوندەکان نەچوون و شوێنی دیاریکراوی ڕێپێوانەکە، چۆڵ بووە.