کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هەزار ئەفغانی لە پێناو حکوومەتی بەشارئەسەد کوژراون

20:54 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی لەشکەری فاتمیوونی سەر بە ڕێژیمی ئێران، وتوویەتی: دوو هەزار هێزی چەکداری ئەفغانی، لە شەڕی سووریە کوژراون.

لەشکەری فاتمیوون لە خوازیارانی ئەفغانی پێک هاتووە، کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی شەڕ و بەرگریی لە حکوومەتی بەشارئەسەد بۆ وڵاتی سووریەیان دەنرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بەسیج نیووز سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ١٥ی بەفرانبار، بەرپرسی کاروباری فەرهەنگیی لەشکەری فاتمیوون، زەهیر موجاهێد، لە یەکەمین یادکردنەوەی بەناو شەهیدەکانی لێکۆڵینەوەی ئەفغانستان وتوویەتی: ئەم لەشکەرە زیاتر لە دوو هەزار شەهید و هەشت هەزار برینداری فیدای ئیسلام کردووە.

ئەم ئامارە لە زاری ئەم بەرپرسەی ئەفغانییەی سەر بە ڕێژیم، لە حاڵێکدا بڵاو بووەتەوە، کە ڕێژیم بە دەگمەن باسی کوژراوانی خۆی لە شەڕی نێوخۆیی سووریە دەکات و ئیدعای ئەوە دەکات کە تەنیا ڕاوێژکارانی خۆی بۆ سووریە دەنێرێت، هەتا هێزەکانی بەشارئەسەد لە بواری شەڕدا ڕابێنن.

جیا لەم ڕێکخراوە تێرۆریستییە، ڕێژیمی ئێران هێزەکانی پاکستانیش لەژێر ناوی لەشکەری زەینەبیوون ڕێک دەخات، هەتا لە شەڕی سووریە لە پێناو مانەوەی بەشارئەسەد و سیاسەتە پاوانخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران بەشداری بکەن.

ئەو ڕێژیمە بە بنەماڵەی کوژراوانی ئەفغانی و پاکستانی، مۆڵەتی مانەوە و هاووڵاتیی ئێرانی دەدات و ناوی ئەو کەسانە لە ڕیزی کوژراوانی خۆی تۆمار دەکات و ئەو پەنابەرانەی کە لە شەڕی سووریە بەشداری دەکەن، مانگانە ٥٠٠ دۆلار مووچە لە ڕێژیم وەردەگرن و مۆڵەتی مانەوەشیان لە ئێراندا مسۆگەرە.