کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی سەرەکی مێرمنداڵان و لاوان له خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری ئێران

15:51 - 18 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران، مێرمنداڵان و لاوان ڕۆڵی سەرەکیان هەیە و زۆرترین دەسبەسەر کراوانیش هەر له‌م توێژەن.

لە دەسپێکی خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری هەموو نەتەوەکانی ئێران، مێرمنداڵان و لاوان لە ڕیزی یەکەمی خۆپیشاندانەکاندا بوون و بەشداری بەردەوامیان هەیە له دەربڕینی ناڕەزایەتی له هەمبەر ستەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

توێژی مێرمنداڵ و لاوان که ڕێژەیەکی بەرچاو لە حەشیمەتی ئێران پێک دەهێنن، داهاتووی ئەو وڵاتەن، بەڵام زۆرترین زوڵمیان لێدەکرێت و له بارودۆخێکی نالەباردا دەژین و داهاتوویان له سیستمی زاڵ بەسەر ئێران نادیارە؛ لەسەر ئەم بنەماش هیوایان به ژیانی سەردەمیانه له چوارچێوەی ڕێژیمدا نەماوە.

ئەم توێژە که لە ئاستی جیهانیدا بە وزەی کۆمەڵگە دەژمێردرێن و لە هەموو ئاڵوگۆڕێکدا ڕۆڵی سەرەکیان هەیە، بەردەوام هەوڵ بۆ گەشە کردنیان له هەموو بواریک دەدرێت، چوونکه سەرکەوتنی لاوان سەرکەوتنی داهاتووی کۆمەڵگەیە؛ بەڵام ڕێژیمی ئێران هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانییەوە، پیلانی هەبووە و هەیە بۆ سەرکوتی ئەم توێژە له ئێراندا و به بڵاو کردنەوەی ماددەی هۆشبەر و دروست کردنی کەشی نەشیاوی کۆمەڵایەتی هەول دەدەن لاوان لە ئاست زوڵم و زۆرییەکان و خوێنمژی دەسەڵاتداران بێدەنگ بن.

ئەوەیکە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هاتنە ئاراوەبریتی بوو لەوەیکە مێرمنداڵان و لاوانی ئێران، دەریان خست پیلانەکانی ڕێژیم به تەواوەتی جێگیر نەبوون و لاوان به بەردەوامی خوازیاری نوێ بوونەوەن و لە هەوڵدان بۆ ژیانی سەردەمیانە و گەیشتن بە ئازادی؛ وەکوو نموونە لەم ڕاستایەدا، بەناو نوێنەری شاری ئیزە لە مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە که زۆربەی ئەو کەسانەی دەسبەسەر کراون، لە تەمەنی نێوان ١٦ هەتا ٢٤ ساڵدان، نەک تەنیا له شاری ئیزه بەڵکوو لە سەرانسەری ئێران، زۆربەی دەسبەسەرکراوان مێرمنداڵ و لاوانن، کە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و نەتەوەکانی ئێران، دەستیان کردووە به ناڕەزایەتی دەربڕین و لەم پێناوەدا سینگی خۆیان کردۆتە قەڵغان.

گرتە ویدیۆییە بڵاوکراوەکان لەم ماوەیەدا، به ڕوونی دەریدەخات که لاوانی ئێران، لەوپەڕی هەست کردن بە پێویستی ئازادی و بیر کردنەوە لە ژیانی مرۆڤانه، رق و بێزاری خۆیان لە ڕێژیم نیشان دەدەن و تەنانەت له پێناو بەرگری کردن له کەرامەتی خۆیان و گەیشتن به داخوازییەکانیان و بێدەنگ نەبوون له ئاست سەرکوتی هاووڵاتییەکانیان، هێرش دەکەنە سەر خوێنمژەکانی ڕێژیم.