کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بنکەیەکی سەربازیی بۆ تێرۆریستان دامەزراند

21:22 - 18 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە تێرۆریستان، ئەم جارە کاربەدەستان لە پارێزگای کرماشان بنکەیەکی نیزامییان بۆ حەشدی شەعبی دامەزراند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ پشتیوانی لە حەشدی شەعبی، کە گرووپێکی تێرۆریستییە لە شاری کرماشان بنکەیەکی نیزامییان بە فەرمی بۆ ئەو ڕێکخراوەیە داناوە و داڵدەی تێرۆریستانیان داوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری کرماشان ڕایگەیاندووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو بنکەیە مەشق و ڕاهێنانی نیزامیی دەبینن.

ڕێژیمی ئێران، حەشدی شەعبی بە مەبەستی دەستێوەردان لە وڵاتانی دراوسێ و بۆ ئامانجە سیاسییەکانی خۆی دامەرزاندووە و کەڵک لەو ڕێکخراوەیە و چەندین ڕێکخراوی دیکەی هاوشێوەی حەشدی شەعبی وەردەگرێت.

ئێرانی ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە، شوێنی داڵدەدانی تێرۆریستانی بەناوبانگ وەک ئۆسامە بن لادن، ابراهیم احمد المغسل بووە، هەروەها پشتیوانی سەرەکی گرووپە تێرۆریستییەکانه، ئەوەش لە کاتێک دایه کە تا ئێستە بە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێژیمه پشتیوانی تێرۆریزمە، لە ژێر گەمارۆ و گوشاری ئابوورییە.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، ٦٩ پارلەمانتاری بریتانیا کە زۆربەیان سەر بە حیزبی کرێکارانن، لە گەڵاڵەیەکدا داوایان لە ئامبر ڕاد وەزیری نێوخۆی ئەو وڵاتە کردووە، کە ڕێکخراوی سپای پاسداران بخاتە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

ئامریكا ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، سپای قودس، كه‌ لقی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی سپای پاسدارانه‌‌، خسته‌ نێو لیستی گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كانەوە؛ له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا دەیان فه‌رمانده‌ی سپا له‌ لایه‌ن ئامریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاواییەوە، خراونه‌ته‌ لیستی ڕه‌شی تێرۆر یان ته‌حریم كراون؛ ئەمساڵیش وەزارەتی دەرەوی ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم وڵاتی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساند.