کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیهان هاوکاریی خەڵکی ئێران بکات

14:54 - 19 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: دوو سێناتۆری پلەبەرزی ئامریکا لە دەوڵەتی ترامپ داوایان کردووە، کە هەوڵی خۆی بدات بۆ ئەوەی هەموو جیهان دەنگی خەڵکی ئێران ببیستن.

سێناتۆری کۆماریخواز مارکۆ ڕوبیۆ و سناتۆری دێمۆکرات باب مەنندز، لە نامەیەکدا داوایان لە وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕێکس تێلرسۆن و وەزیری خەزێنەداری، ئێستیون منۆشێن کردووە، کە دەوڵەتی ئامریکا هاوکاریی کۆمپانییەکانی فەنناوەری و تێکنۆلۆژی پێشکەوتوو بکات، بۆ گەرەنتی کردنی ڕێگەچارەی دەسپێڕاگەیشتنی خەڵکی ناڕازیی ئێران بەو کەرەستانەی کە بتوانن دەنگی خۆیان بە هەموو جیهان بگەینن.

لەو نامەیەدا هاتووە، ئەم نامەیە لە ڕاستای پشتگیری و یارمەتی گەیاندن بەو خەڵکانەی کە بە شێوەی ئاشتیانە هاتوونەتە سەر شەقامەکانی ئێران و دەنگی خۆیان بەرز کردووەتەوە و خوازیاری مافە سەرەتاییەکانی خۆیان و ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان بوون، هەروەها نووسراوە: بەڵام بەداخەوە بە هۆی سانسۆر و پچڕانی ئێنتێرنێت و نەبوونی کاناڵێکی متمانەپێکراو، ئەوان نەیانتوانیوە دەنگیان بە هەموو جیهان بگەینن تا جیهان پشتگیری داوا ڕەواکانیان بکات.

لەو نامەیەدا هەروەها هاتووە: ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە کۆمپانیا فەناوەرییەکان ئەو تواناییەیان هەیە، کە یارمەتی خەڵکی ئێران بدەن، بەڵام ئەو شێرکەتانە بە هۆی یاسای گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران ناتوانن یارمەتیدەر بن، بۆیە ئێمە لە دەوڵەتی ترامپ داواکارین، بە هاوکاری کردنی ئەو شێرکەتانە، ڕێگایەک بۆ دەسپێڕاگەیەشتنی خەڵکی ئێران بەو کەرەستانەی ببیننەوە، کە بتوانن بە متمانە و ئاسانییەوە پەیوەندی بکەن و دەنگی خۆیان بە هەموو جیهان بگەینن، کە بە ڕای ئێمە ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕێگای گەرەنتی کردنی مافی خەڵکی ئێران بۆ بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتییەکان و دەربڕینی ئازادانەی ویستەکانیان.