کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە شاری شنۆ مەزرا و مووچەی خەڵک دەپشکنێت

20:13 - 19 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بنکەی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری شنۆ کەوتووەتە جووڵە و شوێنە گشتییەکانی خەڵک دەپشکنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری شنۆ، دەستی کردووە بە گەڕان و پشکنینی کەپر و کۆڵە و خانووەباخەکان و لە هەوڵی ئەوە دایە، که فەزای ترس و تۆقین بە سەر خەڵکدا زاڵ بکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو باریەوە، ڕایگەیاند: لە گوندی سەوجە ئەندامانی سپا مووچە و مەزراکانی ئەو گوندە گەڕاون و هەرەوها سپا لە ڕێگای پهپاد چاوەدێری لە سەر گوندەکانی شنۆ کردووە و بە چەندین ماشین لە ناو باخ و مەزراکاندا سووڕاون.

لە لایەکی دیکەوە هێلیکۆپتێرەکانی ڕێژیم، لە سەر سنوورەکانی پیرانشار بۆ چاوەدێریی وردی ناوچەکە دەسووڕێنەوە.

هاوکات هەر لە شاری شنۆ بەکرێگیراونی ڕێژیم، لەگەڵ ئەندامانی سپا بە جلوبەرگی کوردی لە گەڕەکی ئەمیرئابادی شنۆدا گەڕاون و بە خەڵکیان وتووە، کە ئێمە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانین.