کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ و ماکرۆن لەسەر پێشگیریی لە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیم جەختیان کردەوە

20:06 - 23 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ئامریکا و سەرکۆماری فەڕانسە، لە سەر بەرەوڕوو بوونە لەگەڵ ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران پێداگریان کردەوە.

کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاند، که سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و سەرکۆماری فەڕانسە، لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا، لەسەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران، کە بووەتە هۆی ناسەقامگیریی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست قسەیان کردووە.

لەم وتووێژەدا ئەمانۆئێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕانسە، جەختی کردووە، که له چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان و کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی ئەو ڕێژیمه، دەبێ وتووێژ بکرێت و ڕایگەیاندووە: که وڵاتەکەی به ڕێککەوتننامەکەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی پێبەندە و جەختی کردووە، که دەبێت هەموو خاڵەکانی به تەواوەتی لە لایەن هەر دوو لاوە جێبەجێ بکرێت.

لەم پێوەندییە تەلەفۆنییەدا، کە لە لایەن ترامپەوە ئەنجام دراوە، بڕیاری نوێی وڵاتەکەی سەبارەت بە گەمارۆکانی سەر ئێران، بە ماکرۆن ڕاگەیاندراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا له نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای بڕیاری ترامپ لەسەر دووبارە کردنەووە هەڵپساردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، داوای له وڵاتانی جیهان کردووە، که بۆ ڕاگرتنی کردەوە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ ئامریکا هاودەنگ بن.

نیکی هێلی باسی لەوە کردووە، که لە نەتەوە یەکگرتووەکان به دوای هاوکارییە نێونەتەوەییەکان داین و چاوەڕوانیمان هەیە، که وڵاتان به دژی بەرنامه مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتی کردنی ئەو ڕێژیمە له تێرۆریزم و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ بێنە ڕیزی ئامریکا و لەگەڵ ئەو وڵاتە هاودەنگ ببن.

هەروەها باسی لەوە کردووە، که لە دەرەوەی ڕێککەوتنە ناوەکییەکه دەتوانین پێش به کردەوەکانی ئێران بگرین و دەبێت له نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەینە ڕێککەوتنێک به دژی ڕێژیمی ئێران و نەهێڵین ئەو ڕێژیمە به خۆی ئیجازه بدات له پشت ڕێککەوتنە ناوەکییەکه، یاساکانی نێونەتەوەیی و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل بکات.