کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارە ئابوورییەکان لە سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر دەبێت

14:50 - 26 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە ئامریکا پێش بە سەرمایەدانان لە نێو ئێراندا دەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە لێداونێکدا وتوویەتی: دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پێش بە سەرمایەدانان لە نێو ئێراندا دەگرێت و بە هاوکاریی وڵاتانی سعوودیە و ئیسرائیل، وڵاتی ئێران وەک شوێنێکی مەترسیدار بۆ سەرمایەدانان دەناسێنێت.

ئەو بەرپرسەی باڵایەی ڕێژیم لە قسەکانیدا دانی بەو داناوە، کە کێشەی خەڵک داهات و بژیوی ژیانە، بەڵام ئامریکا بۆ چاەرسەریی بێکاری لە ئێراندا کێشە و بەربەست دروست دەکات.

ناوبرا باسی لەوەش کردووە، کە ئێمە بۆ چارەسەریی کێشە ئابوورییەکان ساڵانه پێویستیمان بە بڕی ٦٥ میلیارد دۆلار سەرمایەدانان هەیە و دەبێ لە نێوخۆشدا بە هەزاران میلیارد تمەن بۆ ئەو بابەتە بەکار بێنین.

جەهانگیری بۆ چارەسەریی کێشە نێوخۆییەکانی ڕێژیم ڕێکاری گفتگوی ملی، وحدت و انسجامی پێشنیار کردووە.

جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم باسی لەوە نەکردووە، کە دەبێ خەڵک بەشداری ئەو یەکگرتووییە بن یا نا؟ هەروەها قسەکانی ناوبراو لە کاتێک دایە کە ئابووری ئێران تووشی بەربەستی یەکجارەکی بووە و کێشەکانی وەک بێکاری، دزی، سپی کردنەوەی پارە، کێشەکان چەند قات زیاتر دەکات.

هەروەها بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، لەگەڵ وڵاتانی ئامریکای باشوور گرێبەستی ئابووریی واژۆ دەکەن، کە ئەویش هیچ قازانجی تێدا نییە. لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە، کە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای پارەی وڵاتەكەیان پارەی فەرمی ئەو وڵات لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن دەگۆڕن.

ئەم بڕیارە هەڵوێست و دژکردەوەی جۆراوجۆری کارناسانی ئابووریی لێ کەوتۆتەوە؛ بەشێک لە پشتیوانانی ئەم گەڵاڵەیە دەڵێن: کەم کردنەوەی سفر لە دراوی نیشتمانی هیچ نەبێ تێچووی چاپی دراومان لە کۆڵ دەکاتەوە.

لە بەرامبەریشدا بەشێک لە کارناسانی ئابووری، کە دژ بەم بڕیارەی دەوڵەت وەستاونەتەوە دەڵێن: بە سەرنجدان بە بارودۆخی نائاسایی و هەڵاوساویی ئابووری و سیاسی لە ئێران، جێبەجێ کردنی ئەم گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و لە جیاتی قازانج، زیانی زیاترە.